Heman Hussein Yaseen
24 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 25 ئاب 2021
ههولێر - AA
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند ھاوەنێک لە نزیک ھەولێر کەوتنەخوارەوە و ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
شایەتحاڵێک بەناوی عەونی ئەحمەد دانیشتووی گوندی دۆڵەبەکرە سەر بە ناحیەی قوشتەپە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند ''نزیکەی کاتژمێر چواری ئێوارە، ھاوەنێک بە دووری کەمتر لە کیلۆمەترێک لە نزیک ماڵەکەمان کەوتەخوارەوە و ھیچ زیانێکی گیانی و ماددیی نەبووە''.
عەونی ئەحمەد گوتیشی: ''دەنگێکی زۆر بەھێزی ھەبوو، دەنگی تەقینەوەکە زیاتر بە مووشەک دەچوو، چەند چرکەیەک تۆز و خۆڵ شوێنەکەی داپۆشی و ترس و دڵەڕاوکێیی لەلای خەڵک دروست کردووە''.
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە، ھاوەنەکە لە نێوان گوندی دۆڵەبەکرە و دۆڵەزەی سنووری ناحیەی قوشتەپە لە نزیک رێگای سەرەکی ھەولێر - کەرکووک کەوتووەتە خوارەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە ستار ئاغا عومەر، بە میدیا خۆجێییەکانی رایگەیاند کە، چەند ھاوەنێک لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە نزیک قوشتەپە کەوتنە خوارەوە. ھاوەنەکان بە چۆڵەوانی کەوتوون و ھیچ زیانێکی ماددی و گیانییان نەبووە و. ھێزەکانی ئاسایشیش رایانگەیاندووە کە، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ھاوەنەکان لە گوندی پەلکانە سهربه قهزای دوبز ئاراستە کراون".