Sidar Can Eren
13 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2022
دێرسم – AA
گەشتە ئەسپسوارییەکان لەنێو رەنگەکانی وەرزی پاییزدا لە دۆڵی پولومور لە پارێزگای دێرسم، بووەتە جێی سەرنجی سەردانیکەرانی پارێزگاکانی دیکەی تورکیا.
دۆڵی پولومور کە بە ژیانی کێوی و فرەیی گژوگیاوە ناسراوە لە دووری ٢٠ کیلۆمەتر لە شاری دێرسمەوە دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە تاکوو دەگاتە شارۆچکەی پولومور. نزیکەی دوو ساڵە گەشتی ئەسپسواری لەو ناوچەیە کراوەتەوە و ئەمەیش لە پاییز و زستاندا هێندەی دیکە بووەتە جێی سەرنجی سەردانیکەران.

سەردانیکەران لە چەند رۆژێکی دیاریکراوی هەفتەدا، روو دەکەنە کێڵگەی ئەسپسواری لە پارکی سروشتیی ئۆرەنئۆنو و فێری یاریی ئەسپسواری دەکرێن و دواتر بە تولەڕێی دۆڵی پولومور کە ١٠ کیلۆمەترە گەشتی ئەسپسواریان پێ دەکرێت.
سەردانیکەران کە بە هاوکاری چاوساغ و رێبەرانی گەشتیاریی بەنێو دارستانەکانی داربەڕوو و بە نزیک تاڤگەکاندا دەڕۆن، بەسەر پشتی ئەسپەوە چێژ لە بینینی سروشتی دڵڕفێنی ناوچەکە وەردەگرن.
خاوەنی کێڵگەی ئەسپسواری، جەنگیز کڵچ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە دۆڵی پولومور گەشتی ئەسپسواری رێک دەخەن، گوتی: "سەردانیکەران چێژێکی تایبەت لەو جۆرە گەشتانە وەردەگرن".

تونجای ساریگول کە بەشداری لە گەشتە ئەسپسوارییەکەدا کردووە بە ئاماژەدان بەوەی کە دۆڵی پولومور سروشتێکی ئێجگار دڵڕفێنی هەیە، گوتی: "بە گرووپێکی ١٠ کەسی هاتووین. بەر لەوەی سواری ئەسپ ببین دەترساین، بەڵام دواتر ترسەکەمان شکا. سروشتی دڵڕفێنی ئێرە ئەفسوناوییە".
بوراک ئیمراک کە لە ئیزمیرە هاتووە بە ئاماژەدان بەوەی کە یەکەم جارە بچێتە سەر پشتی ئەسپ، سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بە بەسەربردنی کات لەنێو سروشتدا، توانیوویەتی لە سترێس دوور بکەوێتەوە.