Övünç Kutlu,Muhammet Ali Kemal
06 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2017
نیویۆرک - AA
لە میانی ماراسۆنی نیویۆرکدا، لەسەر ئاستی پیاوان، جۆفری کامۆرەری کینی و لەسەر ئاستی ژنان، شالەین فلانەیگنی ئەمریکی بوونە پاڵەوان.
یەکەمەکانی ماراسۆنی نیویۆرک کە لە ستەیتن ئایلاندەوە دەستیپێکرد و بە هەریەک لە ناوچەکانی کوینز، برۆنکسدا تێپەڕی و لە پارکی ناوەندیی لە مانهاتن کۆتایی هات، دیاریی کران.
بەو شێوەیەش لەسەر ئاستی پیاوان وەرزشەوانی کینی، جۆفری کامۆرەری دوای بڕینی ماوەی ماراسۆنەکە بە دوو کاتژمێر و ١٠ خولەک و ٥٣ چرکە، پلەی یەکەمی لە ماراسۆنی نیویۆرکدا بۆ یەکەمجار لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا بەدەست هێنا.
هاوکات ویلسن کیپسانگی کینی کە بە سێ چرکە لەدوای کامۆرەریەوە بوو، پلەی دووەمی بەدەست هێنا و لێلیسا دێسیسای ئەسیۆپیش دوای ئەوەی ماوەکەی بە دوو کاتژمێر و ١١ خولەک و ٣٢ چرکە بڕی، بووە خاوەنی پلەی سێیەم.
لەسەر ئاستی ژنان، شالەین فلانەیگنی ئەمریکی بە بڕینی ماوەی ماراسۆنەکە بە دوو کاتژمێر و ٢٦ خولەک و ٥٣ چرکە پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.
فلانەیگن دوای ٤٠ ساڵ لە بەدەستهێنانی ئەو پلەیە لە لایەن میکی گۆرمانی ئەمریکییەوە لە ساڵی ١٩٧٧دا، یەکەم ژنە ئەمریکییە کە بتوانێت پلەی یەکەم لە ماراسۆنی نیویۆرکدا بەدەستبهێنێت.
هاوکات ماری کەیتانی کینی کە ماوەی سێ ساڵی لەسەریەکە پلەی یەکەمی ماراسۆنی نیویۆرکی بەرنەداوە، دوای بڕینی ماوەکە بە دوو کاتژمێر و ٢٧ خولەک و ٥٤ چرکە، پلەی دووەمی بەدەستهێنا و مامیتو داسکا کە بەڕەگەز ئەسیۆپییە بەڵام بەناوی ئەمریکاوە بەشداریی لە ماراسۆنەکەدا کردووە بە بڕینی ماوەکە بە سوو کاتژمێر و ٢٨ خولەک و ٨ چرکە بووە خاوەنی پلەی سێیەم.