ھەولێر
وەکو پاڵپشتییەکی مەعنەوی ژمارەیەک کەمئەندام و پەککەوتە خەڵاتی مەعنەوییان وەرگرت.
جێگری رێکخەری گشتیی سێھەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی ھەولێر (کاکەئەحمەد جەمیل) بۆ AA گوتی "ماراسۆن بەبێ ھیچ گرفتێک کۆتاییھات و ھیچ کێشەیەک نەبوو و ھیچ بریندارێکیشمان نەبوو."
پاش تەواوبوونی ماراسۆن، ئاھەنگێکی گۆرانی گوتن لە پارکی سامی عەبدولرەحمان لە ھەولێر بەڕێوەچوو، دواتریش بەرپرسانی حکومی خەڵاتەکانیان دابەش کرد.
لە راکردنی ٤٢ کیلۆمەتر (فینسینت سیریۆن) لە وڵاتی کینیا براوەی یەکەمی پیاوان بوو، پاشان (نەجوان ئیبراھیم) لە شاری بەغدا پلەی دووەم و (عەلی ئەحمەد ساڵح) لە پارێزگای سەڵاحەدین بە سێیەم دەرچوون.
لەسەر ئاستی خانمانیش لە راکردنی ٤٢ کیلۆمەتری، (کۆریس کیم پۆلی) لە کینیاوە پلەی یەکەمی بەدەستھێنا و دوای ئەوەیش (ئامال خدر) لە کەرکوک پلەی دووەم و دوای ئەویش (ئۆڵگا ئۆکار) لە وڵاتی روسیا پلەی سێیەمیان بەدەستھێنا.
ھەروەھا لە راکردنی ١٠ کیلۆمەتری پیاوان عەرەبەکان پێش کەوتن، لە بەغداوە (عومەر عەلی) پلەی یەکەم و (حەمزە جەواد) لە بەسرا پلەی دووەم و (مونتەسەر حەسەن) لە پارێزگای سەڵاحەدینەوە پلەی سێیەمی بەدەستھێنا.
لەسەر ئاستی کچانیش لە راکردنی ١٠ کیلۆمەتری، یاریزان (فەرەح ناز) لە پارێزگای سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستھێنا و پاش ئەویش (تەبارەک فەیسەڵ) و (فاتیمە عوسمان) کە لە بەغداوە ھاتبوون، بە پلەی دووەم و سێھەمیان بەدەستھێنا.
ھەرچی ئەنجامەکانی راکردنی ٤ کیلۆمەتریشە، بەھۆی بوونی کێشە لە دەستپێکردنی راکردنەوەکە ئەنجامەکەی ھەژمارنەکرا و پووچەڵکرایەوە.