Rewa Mahmood Hasan
11 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2020
لینکی فۆتۆەکان https://www.aa.com.tr/ks
لینکی ڤیدیۆ https://www.aa.com.tr/ks
سلێمانی-AA
لەگەڵ بەردەوامی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)، تادێت رێکاری تەندروستیی زیاتر لەنێو هاووڵاتییان بڵاودەکرێتەوە.
هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی و تایبەت کە خۆی لە پاس و تەکسیدا دەبینێتەوە، یەکێکن لە ئامرازەکانی گواستنەوەی خێرای ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، هەربۆیە رێنمایی تایبەت دەرچووە بۆ خاوەن پاس و شۆفێرانی تەکسی.
ئیسماعیل ئەحمەد کە شۆفێرێکی تەکسی تەمەن ٧٠ ساڵە، بەدەم سڕینهوه و پاكژكردنهوهی تەکسیەکەی، قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد و ئاماژەی بەوەدا کە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان یەکێکە لە مەرجەکانی مانەوەی مرۆڤ بە سەلامەتی هەر بۆیە زۆر بەتوندی پابەندی دەبێت.
ئیسماعیل ئەحمەد گوتی: ''زۆر خەڵک و شۆفێرانیش پابەند دەبن بە رێنماییەکانەوە کە ئەوەیش خۆی لە بەستنی دەمامک و لەدەستکردنی دەستکێشدا دەبینێتەوە، بەڵام ئەوانەی کە ناتوانن بەردەوام دەستکێش و دەمامک ببەستن یان ئەوەیە متمانەیان بەوە نییە کە نەخۆشیەکە بڵاوبووهتەوە، یان ئەوەیە کە پارەیان پێ نییە هەموو رۆژێک هەزار دینار بدهن بە ماسک و دەستکێش بۆ خۆیان و منداڵەکانیان''.
ئیسماعیل ئەحمەد باس لەوە دەکات کە لە میانی سەرکەوتنی هەر نەفەرێکدا بۆ نێو تەکسیەکەی، بەردەوام ئاگاداریان دەکاتەوە تاوەکو ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن.
ناوبراو کە بە پاککردنەوەی دەسکی دەرگای ئۆتۆمبێلەکەیەوە سەرقاڵ بوو ناوبەناو پاکژی دەکردەوە، دەیگووت "من دەمەوێت بەردەوام خۆم و کەسانی چواردەورم بپارێزم لەم ڤایرۆسە هەربۆیە زۆر بەگرنگییەوە دەڕوانمە کاری پاکژکردنەوە.''
محەمەد عەبدولواحید، تهمهن ٢٨ ساڵ، یەکێکی ترە لەو شۆفێری تەکسیانەی کە لە نزیک بازاڕ کار دەکات، ئەویش بەهەمان شێوە پابەندبوونی خۆی بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە دووپات دەکردەوە، بەڵام نەیشاردەوە کە بەهۆی گرانی دەمامک و دەستکێش رۆژانە تەنها جووتێك دەستکێش و یهك دەمامک بهكاردههێنێت و بۆ ئەو زۆر دەکەوێت ئەگەر بێت و بۆ هەر سەرنشینێک کە سەردەکەوێت لەگەڵیدا، ههستێت بە پێدانی دەستکێش و دەمامک پێیان.
ئەو شۆفێری تەکسیە گلەیی ئەوەی هەبوو کە ئێستا بەهۆی کزیی بازاڕەوە رۆژانە ئەو پەری سێ تا چوار داخلی دەکات هەربۆیە ئەگەر سهرنشینێك دەمامکیشی پێ نەبێت، ناچارە هەڵیگرێت لەگەڵ خۆی و بیگهیهنێته شوێنی مەبەست.
شۆفێرانی پاس کە زۆرێکیان خۆیان ناچارن پابەند بن بە رێنماییە تەندروستییەکان، بەڵام هاوکات یەکێکن لەو توێژانەی کۆمەڵگا کە زۆرترین بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵکدا هەیە.
شۆفێری پاسەکان کە بەکۆمەڵ قسەیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد، ئاماژە بەوە دەکەن کە خوازیارن لایەنی پەیوەندیدار هەڵسێت بە دابینکردنی دەمامک بۆ ئەو سەرنشینانەی کە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی بەکاردەهێنن بەبێ بەرامبەر، چونکە هەندێک کەس بەهۆی گرانییەوە ناتوانێت دەمامک بەکاربهێنێت و بۆ ئەوانیش وەک خاوەنی پاسەکان زۆر دەکەوێت لەسەریان لهڕووی ئابوورییهوه.