Zana Natık Kerem
31 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی ھیچ بڕیارێکی لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا، لەلایەن کەسانی تەمەن خوار ١٨ ساڵەوە دەرنەکردووە.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە وەزارەتی تەندورستیی و ژینگەی عێراق، روبا فەلاح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە کەسانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ لە عێراق ناتوانن ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن، چونکە تا ئێستا ھیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیھانییەوە دەرنەکراوە و گوتی: "لەئێستادا لە عێراق، تەنھا کەسانی سەروو ١٨ ساڵ دەتوانن ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن".
روبا فەلاح باسی لەوەشکردووە کە ھەر کاتێک رێکخراوی تەندورستیی جیھانیی، بڕیاری وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵ پەسەند کرد، ئەوا بڕیارەکە لە عێراقیش جێبەجێ دەکرێت.
ئەمەیش لە کاتێکدایە تا ئێستا دوو ملیۆن و ٥٣ ھەزار و ٥٢٠ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون و لەو ژمارەیەش ٢٣ ھەزار و ١١١ کەس گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و ٩٩٨ ھەزار و ٥٥٩ کەسیش چاکبوونەتەوە.
تا ئێستا، پێنح ملیۆن و ٨٤٧ ھەزار و ٨١١ کەس لە عێراق دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.