Rewa Mahmood Hasan
08 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2020
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی نەخۆشخانەی ئاسا کە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩، لەمیانی ١٠ رۆژدا لە شاری سلێمانی بنیاتنرا، بەسەرکردەوە.
بڕیار بوو ئەمڕۆ نەخۆشخانەی ئاسا-ی ٦٥ قەڕەوێڵەیی لە شاری سلێمانی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی مەشق و راهێنانی کارمەندانی تەندروستی لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکان و بەڕێوەبەردنی نەخۆشخانەکە رێوڕەسمی کردنەوەکەی دواخرا بۆ ١٣ی ئادار.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا بۆ نەخۆشخانەکە، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی یەکەکانی نەخۆشخانەکەی بەسەرکردەوە و لەلایەن سەرۆکی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، شەماڵ جەبار یاوەر زانیاری پێدرا سەبارەت بە چۆنیەتی رێکارەکانی وەرگرتنی نەخۆشی و دیاریکردنی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان سەرۆکی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، شەماڵ جەبار یاوەر ئامانجی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا کە بەمەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گشتی سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و بڕیار دراوە کە هەموو کارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ بەهەماهەنگی ئەنجام بدرێت و هەموو لایەکی دڵنیاکردەوە لەوەی کە نەخۆشخانەکە تایبەت نابێت بە پێشمەرگە بەتەنها، بەڵکو نەخۆشخانەیەکی مەدەنی دەبێت.
شەماڵ جەبار یاوەر کە خوازیار بوو قسەی زیاتر بکات بۆ رۆژنامەنووسان، بەڵام بەهۆی هۆسە و قەڕەباڵغی و دروستکردنی ژاوەژاو لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە بەتایبەت کامێرامانی کەناڵەکانەوە، نەیتوانی لێدوانی تەواو بدات بۆ سەرجەم کەناڵە ئامادەبووەکان.