Heman Hussein Yaseen
24 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2020
ههولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە و جیاواز لە ساڵانی پێشوو، بەھۆی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، رێوڕەسمی جەژن وەک ساڵانی پێشوو بەڕێوەناچێت کە دیارترینیان نوێژی جەژنە.
ھەرچەندە بەپێی بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیار وابوو نوێژی جەژن ئەنجام نەدرێت بەڵام لە بەشێک لە گەڕەکەکان خەڵک لە دەرەوەی مزگەوتیش نوێژی جەژنی کردووە، سەرەڕای ئەوەی قەدەغەی تەواوی ھاتوچۆ راگەیاندراوە و ھێزە ئەمنییەکان لە شەقامەکان بڵاوەیان پێکراوە.
لە وڵاتانی موسڵمان، ساڵانە لە جەژنی رەمەزاندا، خەڵک گەردن ئازایی لەیەکتر دەکەن و سەردانی یەکتر دەکەن، لە ھەرێمی کوردستانیش پەیوەندییە کۆمەڵایەتییان لە رۆژانی جەژندا تایبەتە و خزم و دراوسێ و ھاووڵاتییان سەردانی یەکتر دەکەن و شیرینی بەسەر میواناندا دەبەخشرێتەوە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆیەوە، جموجۆڵی ھاووڵاتییان لهنێو گهڕهكهكانی شاردا کەمتر دەبینرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٤٧٦ کەس و چوار حاڵەتی مردن لە سلێمانی و یەک حاڵەتیش لە ھەولێر ھەبووە و، ئێوارەی دوێنێش، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھۆشدارییدا لەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێ سەرچاوەیە و داوای لە ھاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بن.
رۆژی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٠، بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قەدەغەی ھاتوچۆی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر راگەیاند و دوای ئەوەش چەند جارێکی دیکە بڕیارەکە درێژکراوەتەوە و ھەر دوێنێش وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بەھۆی باری ئابووری ھاووڵاتییانەوە، دوای جەژن بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ درێژناکەنەوە.