Sevgi Ceren Gökkoyun
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
نیویۆرک - AA
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، جانێت یێڵن ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئایارەوە لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک و ئۆپیک پڵەس-ەوە، بڕیارێکی نابنیاتنەرە و کاریگەری ئەرێنی نییە لەسەر گەشەی ئابووریی جیهانییدا.
جانێت یێڵن دوای بەشداریکردنی لە چالاکییەکدا لە زانکۆی یالی لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیاری ئۆپیک پڵەس کرد بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بڕیارەکەی بە نابنیاتنەر ناوزەند کرد و رایگەیاند: ''راستییەکەی ئەوەیە کارێکی ئەرێنیی نییە بۆ گەشەی جیهانیی و لە کاتێکدا رێژەی هەڵئاوسان بەرزە، نادیاری و بارگرانی زیاد دەکات''.
جانێت یێڵن هەروەها باسی لەوە کرد کە هێشتا نازانرێت ئەو بڕیارە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر نرخەکان و پێویست بە کاتی زیاترە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەمە.