Rewa Mahmut Hasan
16 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
لە دەوحەی پایتەختی قەتەرو لەسەر پرسی خستنەڕووی نەوت، وڵاتانی قەتەر، رووسیا، سعوودیە و ڤینیزوئێلا کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکەش وەزیری وزە و پیشەسازیی قەتەر محەمەد بن ساڵح ئەلسادە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە هەر یەک لەم چوار وڵاتە کە گەورە بەرهەمهێنەری نەوتن، بڕیاریان داوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک هی مانگی کانوونی دووەم بهێڵنەوە، بە مەرجێک وڵاتانی تریش هەمان ئەم هەنگاوە بنێن.
ئەلسادە ئاماژەی بەوەشدا کە دەکرێت نرخی نەوت سەقامگیر بکرێت.
لای خۆیەوە وەزیری نەوتی سعوودی عەلی نەعیمی ئاشکرای کرد کە بازار نرخی نەوت دیاری دەکات، هیواشی خواست کە رێکخراوی ئۆپیک و بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆی نەوت پابەند بن بە بڕیاری کۆبوونەوەکەوە.
نەعیمی ئاشکراشی کرد کە بەمەبەستی زیاتر سەقامگیرکردنی نرخی نەوت لەبازارەکاندا، ئەو چوار وڵاتە لە رۆژانی داهاتوودا جارێکی تر کۆدەبنەوە.
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا بەهۆی زیاتربوونی بەرهەمهێنانی نەوت بەبەراورد لەگەڵ خواستدا، لەسەدا ٧٠ی بەهاکەی لەدەست داوە و نرخی یەک بەرمیل لە ١١٥ دۆلارەوە بۆ ٣٠ دۆلار دابەزیوە.