ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی ڕەزا گونەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم-یان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی ڕەزا گونەی و شاندی یاوەری.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەیەکدا، ھەردوولا ستایشی ئاستی پەیوەندییەکانی تورکیایان لەگەڵ عێراق و ھەرێم کردووە و جەختیان کردووەتەوە لە برەودان بە پەیوەندییەکان و ھاریکاریی ھاوبەش، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و ئابووریدا.
باسی لەوەیش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم کراوە و لەو بارەیەوە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دووپات کردووەتەوە و لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھەڵوێستی تورکیای کردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ ئەم مەبەستە، ئێستا ھەولێر و بەغدا خەریکی گفتوگۆی تەکنیکین.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دۆخی عێراق و ھەرێم ، ھەروەھا پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، دۆخی پێکھاتەکان لە عێراق و ھەرێم، دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە.