Turgut Alp Boyraz
28 تشرینی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2023
بەیروت - AA
بەگوتەی ڕۆژنامەنووس و نووسەری ئیسرائیلی گیدیۆن لویی، هەتا ئەو کاتە ئیسرائیل دەست بە قەرەبوو نەکاتەوە، ئەوا داگیرکاریی تەواو نابێت، سوپای ئیسرائیل نەک تەنیا لە کاتی جەنگدا، بەڵکو بە درێژایی ٥٥ ساڵی ڕابردوو "تاوانی جەنگی" ئەنجام داوە. تاکە ڕێگای کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی ئەوەیە کە ئیسرئیل دەست بە پێدانی قەرەبوو بکات.
نووسەری ڕۆژنامەی هائارتز، لویی یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە وڵاتەکەیدا دژی داگیرکارییە و ئیسرائیل وەک "ڕژێمێکی نەتەوە پەرست" ناو دەهێنێت.
لویی نزیکەی ٤٠ ساڵە چاودێری ڕووداوەکانی کەناری ڕۆژئاوا دەکات و پێی وایە کە ئەو قۆناغەی کە ئیسرائیل هەم وەک دەوڵەت و هەم وەک کۆمەڵگاکەی لەم ڕۆژانەدا تیاییدایە، "کەشوهەوایەکی زۆر توندڕەوانەیە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئیسرائیلییە بە وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە جۆ بایدن (سەرۆکی ئەمریکا) سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمریکا دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە، گوتی، ئەوە دەستوەردانی نێودەوڵەتی ئەستەم دەکات.
لویی لە تەلئەبیب دەژیت و بە شێوەی ئۆنڵاین قسەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد.
- ئیسرائیلییەکان ڕۆژێک بەخەبەر نایەن و بڵێن داگیرکاری زۆر ستەمکارانەیە، ئاپارتاید نایاساییە و وەرن کۆتایی پێ بێنین.
لویی دۆخی کۆمەڵگای ئیسرائیلی بە "زۆر خراپ"، وەسف کرد و جەختی لەوە کردووەتەوە کە یەک مانگ و نیوی ڕابردوو کۆمەڵگا بەرەو "نەژادپەرستی" چووە.
ئەو جەختی لەوەش کردەوە، ئەستەمە دەرفەتێکی ئاشتی لە لایەن کۆمەڵگای ئیسرائیلەوە بڕەخسێت، گوتی: "شتی وا لە کۆمەڵگای ئیسرائیلەوە ڕوونادات. بڕیار نییە ئیسرائیلییەکان ڕۆژێک بەخەبەر بێن و بڵێن داگیرکاری زۆر ستەمکارانەیە، ئاپارتاید نایاساییە و وەرن کۆتایی پێ بێنین. ئەوە ڕوو نادات. لە ٥٥ ساڵی ڕابردوودا شتی وا نەبووە و شتی واش نابێت. تەنیا کاتێک ئەوە سەر دەگرێت کە ئیسرائیل باجی کردەوە داگیرکارییەکانی خۆی بدات، بە هۆی کردەوەکانی سزا بدرێت و ناچار بە پێدانەوەی قەرەبوو بکرێت.
بەڵام هێشتا نەگەیشتووینە ئەو قۆناغە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت واز لە قسەکردن بهێنێت و کرداری هەبێت. پێم وانییە کە ئەوە لە داهاتوودا ڕوو بدات، بەڵام پێم وایە کە ئەوە ڕۆژێک ڕوودەدات و (کۆمەڵگای نێودەوڵەتی) دەلێت ئیتر بەسە. من چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەم بەڵام بڕوا ناکەم وا زوو بێت.
- ئیسرائیل ٥٥ ساڵە کە هەموو ڕۆژێک تاوانێک ئەنجام دەدات
فڕۆکەوانی پێشووی سوپای ئیسرائیل کە دەستی لەکار کێشاوەتەوە، یوناتان شاپیرا، لە ساڵی ٢٠٢١ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند بوو، "سوپای ئیسرائیل ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. فەرماندەکانیشیان تاوانباری جەنگن".
لویی لە وەڵامی بۆچوونی ئەو لەسەر قسەکانی شاپیرا، گوتی: "بەر لە هەموو شتێک ئەو هاوڕێی منە. بەڵێ لەگەڵی هاوڕام".
گوتیشی: "ئەوە تاوانێکی جەنگە کە ئیسرائیل بۆ ماوەی ٥٥ ساڵە (لە داگیرکاریی ١٩٦٧ەوە) ئەنجامی دەدات. هەر لە نیشتەجێکردنەکانەوە هەتا دەستگیرکردنی خەڵک لە کەناری ڕۆژئاوا و گواستنەوەیان بۆ ئیسرائیل".
لویی راشیگەیاند: "هەر لە ڕفاندنی خەڵک لە ماڵەکانیانەوە هەتا دەگاتە سزادانی بە کۆمەڵ، هەمووی تاوانی جەنگە".
لویی وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هەموو ڕۆژێک ئەو ڕووداوانە دووبارە دەبنەوە، گوتی: "ئەوە لە کاتی جەنگدا نەکراوە، بەڵکو ڕووداوگەلێکن کە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێن. گومانی تیادانییە کە داگیرکاری دیاردەیەکی تاوانکارییە کە دەبێت کۆتایی پێ بێت. من نزیک بە ٤٠ ساڵە خەباتی لە دژ دەکەم".
- ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل دڕندەییەکان دەشارنەوە
بە گوتەی لویی، دڕندەیی سوپای ئیسرائیل لە غەززە پێشانی خەڵکی ئیسرائیل نادرێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئیسرائیلییە گوتیشی: "ئەگەر ڕاستیتان دەوێت، کەناڵەکان، میدیاکان، ڕۆژنامەکانی ئیسرائیل ناڵێم هەموو شتێک، بەڵام تاوانەکان نیشان نادەن. من ئەگەر بمەوێت بزانم چ باسە، سەیری جەزیرە، تەرەتە و CNN دەکەم و بەم شێوەیە دەتوانم هەموو وێنەکە ببینم".
لویی ڕایگەیاند، تێچووی هێرش بۆ سەر شوێنێک وەک غەززە کە هەموو دانیشتووانەکەی خەڵکی سڤیلن، بۆ خەڵەکە زۆرە. گوتیشی: "لەو ڕووداوەی کە ڕوویدا، زمانم ڵاڵ بووە".
لەگەڵ ئەوەشدا لویی ڕایگەیاند، حکوومەتی ئیسرائیل پشتیوانی نزیک بە هەمووی کۆمەڵگاکەی بۆ جەنگەکە لە پشتە و گوتی: "(ئیسرائیلییەکان) لەسەر دوو ئامانج هاوڕان، ئامانجی یەکەم ئازادکردنی هەموو دیلە ئیسرائیلییەکان کە ئامانجی ئێستایانە. دووەمیشیان لەناوبردنی حەماس" ە، جەختی لەوەش کردەوە کە، "حکوومەت بۆ درێژەدان بە جەنگ پشتیوانی تەواوی هەیە".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە، "ڕاگرتنی مرۆیی" کە سبەی کۆتایی پێ دێت، ئایا هێرشەکان دەست پێ دەکەنەوە، لویی گوتی، "من لەوە دەترسم کە ئاوا بێت، بەڵام ئەوە داهاتوو ڕوونی دەکاتەوە. ئەوەی ئیستا هەیە ئەرێنییە. هەموو ڕۆژێک دیلەکان دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان و بەندکراوانی فەڵەستینیش دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان. ئەوە من خۆشحاڵ دەکات. بەڵام ئەوە ناتوانێت بەردەوام بێت بۆ هەمیشە".
گوتیشی: "من بڕوا ناکەم ئیسرائیل واز لەو جەنگە بێنێت. هیوادارم بە هەمان ئەو شێوەیە خێرایە نەگەرێتەوە بۆ جەنگ، چونکە ئەوە بە مانای وێرانبوونی باشووری غەززەیە. لە ئێستادا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لەوێ دەژیت. تەنانەت ئەگەر ئیسرائیل باشووری غەززە بە تەواوی وێران بکات و حەماسیش شکست پێ بهێنێت، بەیانییەکەی نازانین چی ڕوودەدات. هیچ پلانێک نییە و ئەگەر پلانێک نییە با جەنگ ڕابگیرێت".
لویی وەڵامی ئەوە کە ئایا ئەمریکا دەیەوێت کە جەنگ بوەستێنێت یان گڵۆپی سەوزی بۆ دووبارە هێڕشکردنە سەر غەززەی داگیرساندووە، گوتی: "پێم وایە هەردوو لا (ئەمریکا و ئیسرائیل) نەخشەڕێیەکی هاوبەشیان دەبێت. جەنگ بە تەواوی ناوەستێت. بەڵام وەک پێشووش ڕێگا بە ئیسرائیل نادرێت. بەڵام ئەوەی کە تا چەند ئیسرائیلییەکان گوێڕایەڵ دەبن، ئەوە ئاماژەیەکی پرسیارە".
لویی لە وەڵامی ئەوەی کە کۆمەڵگای ئیسرائیل بۆ ئاشتی ئامادەن هیچ باجێک بدەن یان نا؟ گوتی: "بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا نەخێر. هەستێکی زۆری دژ بە عەرەب (لە کۆمەڵگای ئیسرائیل) هەیە. ئێمە پێویستمان بە ڕێبەرایەتییەکی نوێ هەیە. پێم وانییە ڕێبەرایەتی ئێستا و بەو ڕایە گشتییەی کە هەیە، دەرفەتێک هەبێت بۆ ئاشتی. ئەوانە زۆر توندڕەو، نەتەوە پەرست و ڕاستڕەون".
گوتیشی: "تاکە ئومێد دەستوەرانی نێودەوڵەتییە و پێم وانییە ئەوەش ڕووبدات، چونکە ئەمریکا بەرەو ساڵی هەڵبژاردن دەچێت و بڕوا ناکەم بایدن کاری وا بکات. لە ئێستادا ئومێدێکی وا نابینم".