Heman Hussein Yaseen
30 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2022
هەولێر - AA
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە راگەیەندراوێکیدا کە لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوانەی بە نیازی سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، ئەوا گەشتکردن راگیراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەو گەشتیارانەی کە بەنیازن سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکەن، ئەوا لەسەر داوای ئێران گەشتکردن راگیراوە".
راشیگەیاندووە کە لەلایەن مەرزی تەمەرچین ئاگادارکراونەتەوە کە تا کاتێکی نادیار جووڵەی گەشتیاریی راگیراوە، بەڵام جووڵەی بارزگانی بەردەوامی ھەیە.
بەهۆی بارودۆخی عێراق، دوێنێ کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاری دا بە داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارەکە، هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.