هەولێر - AA هێمن حوسێن
رۆژی دووشەممە، ٢٩ی ئاب مەرجەعی باڵای سەدرییەکان، کازم حائیری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە مەرجەعییەت راگەیاند و داوای لە لایەنگرانی سەدر کرد رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی بە مەرجەعی خۆیان بزانن، دواتر بەھۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان لایەنە ناکۆکەکانەوە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لەسەرتاسەری عێراق راگەیەندرا، هاوکات دەوامی فەرمی لەسەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت کرا بە پشوو.
لە میانی دوو رۆژی گرژی و پێکدادانەکاندا، بەگوتەی بەرپرسانی تەندروستی عێراق، ٣٠ کەس کوژران و ٧٠٠ی دیکەیش برینداربوون کە ١١٠یان کارمەندی ئەمنی بوون و دواتر سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر لە گوتارێکیدا داوای لە لایەنگرانی کرد کە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن و گۆڕەپانەکان چۆڵ بکەن.
سەرۆکی ئینیستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی و چاودێری سیاسیی، کارۆخ خۆشناو پێیوایە کێشە کەڵەکەبووەکانی عێراق وایکردووە کە ئەم دۆخە بێتە ئاراوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە رێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هۆکارێکی دیکەی تێکچوونی بارودۆخەکە بووە و هۆشداریش دەدات کە ئەگەر بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە نەکرێت، رەنگە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان جارێکی دیکە قوڵبێتەوە.

کارۆخ خۆشناو لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراق، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەڵەکەبوونی ئەو کێشانەی کە پێشتر لە عێراق هەبوون، ئەمە وایکردووە کە دۆخی عێراق بەرەو ئاقارێکی ناهەموار و تونێلێکی تاریک بچێت، جێبەجێکردنی دەستوور وەکو خۆی نەبووە، ئەو سێ بنەما سەرەکییەی کە بۆجێبەجێکردنی دەستوور دانراوە کە بریتیین لە تەوافوق، تەوازون و شەراکەت نەتوانراوە هاوسەنگییەکە وەکو خۆی رابگیرێت بۆیەش کێشەکان کەڵەکەبوون و تەقیووەتەوە".
سەرۆکی ئینیستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی و چاودێری سیاسیی، کارۆخ خۆشناو لەبارەی هۆکاری سەرەکی تێکچوونی دۆخەکە و بوونی گرژی و ناکۆکییەکان لە عێراق گوتی: "هۆکاری سەرەکی دۆخەکە، رێزنەگرتن بوو لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و براوەکان نەیانتوانی حکوومەت پێکبهێنن لە رێگای دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەربەستیان بۆ دروستکرا، هەر ئەمەش بووە هۆکاری ئەم بارودۆخەی ئێستا، ئێستاش پێویستە بە هەستێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت، ناکرێت لایەنە سیاسییەکان دەستەوەستان دابنیشن، پێویستە هەموولایەک هەوڵبدەن عێراق لەم بارودۆخە رزگار بکەن، چونکە بەردەوامی ئەم بارودۆخە عێراق بەرەو تونێلێکی تایکتر دەبات، بێگومان ئەم دۆخە کاریگەری نەرێنی بەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، رەنگە ئەگەر بارودۆخەکە قوڵتربێتەوە ئەوا شەپۆلێکی ئاوارە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە بەشێوەیەکی گشتیی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نییە".
کارۆخ خۆشناو جەخت لەوە دەکاتەوە کە هاووڵاتییانی عێراقی بێبەشکراون لە مافەکانییان و حوکمڕانییەکی نا تەندروست لە عێراق هەبووە سەرەڕای بوونی داهاتێکی زۆر و لەمبارەیەوە گوتی: "هاووڵاتییانی عێراقی کەمترین مافی سەرەتاییان نییە، بۆیە ناحەق نین نیگەران بن لەم جۆرە حکومڕانییەی کە لە ١٩ ساڵی رابردوودا لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا بەڕێوەچووە، سەرەڕای بوونی داهاتێکی زۆر کە ئێستا عێراق نزیکبووەتەوە لە ١٠٠ ملیار دۆلاری مانگانە، ئەمە داهاتێکە کە پێشتر عێراق بەخۆیەوە نەبینیووە، کەچی دەبینین لەولاوە کەمترین پێداویستی ژیان بۆ هاووڵاتییانی عێراقی نییە و خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدایە".
سەرۆکی ئینیستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی و چاودێری سیاسیی، کارۆخ خۆشناو لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی کازم حائیری و گوتارەکەی موقتەدا سەدر بۆ کشانەوەی لایەنگرانی دەڵێت "حائیری یەکێکە لە مەرجەعە گرنگەکان و هەمیشە شوێنکەوتووانی سەدر بە مەرجەعیان زانیووە و دەستلەکارکێشانەوەی فشارێکە بۆسەر موقتەدا سەدر و لێدانە لێی، دوورخستنەوەی سەدرە لە خەونی بوون بە مەرجەع، چونکە یەکێک لە خەونەکانی موقتەدا سەدر ئەوەیە کە دوای عەلی سیستانی، ئەو ببێتە مەرجەعی شیعەکان و ئەوەی نەشاردووەتەوە و خۆی پێ میراگتری مەرجەعە، ئەمە یەکێکە خەونەکانی سەدر".
کارۆخ خۆشناو دوای تێکچوونی دۆخی عێراق، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێش نیگەرانی خۆیان لە دۆخەکە دەربڕی و داوای سەقامگیری عێراقیان کرد، ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە کە سەقامگیری عێراق رەنگدانەوەی لەسەر ناوچەکە هەیە گوتی: "سەقامگیری لە عێراق رەنگدانەوەی هەیە لەسەر وڵاتانی ناوچەکەش، چونکە دەبینین کە داعش لە عێراق و سووریا هەبوو، رەنگدانەوەی بۆ وڵاتانی ئەورووپاش هەبوو هەتا ئەمریکاش، ئێستاش گرنگە هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێتە سەر خەت، هەم لایەنەکانی عێراقی و هەم وڵاتانی دراوسێی عێراق بە بەرپرسیارییەتییەوە سەیری دۆخەکە بکەن و ببنە بەشێک لە چارەسەری دۆخەکە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی ئینیستیتیوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی باس لە پێشنیازێکی سیناتۆری پێشووی ئەمریکا و سەرۆکی ئێستای وڵاتەکە جۆ بایدن دەکات کە پێشبوونی بە سەرۆکی ئەمریکا پڕۆژە پێشنیازێکی ئامادەکردبوو کە بریتیی لەوەی عێراق ببێتە سێ هەرێم و گوتی: "ئەگەر بڕیاربێت ئەلتەرناتیڤ بۆ ئەم دەستوورە بدۆزرێتەوە ئەوا رەنگە پێشنیازەکەی جۆبایدن بێت کاتێک سیناتۆر بوو، ئێستاش سەرۆکی ئەمریکایە، پێشنیازەکەی ئەوە بوو کە عێراق دابەشی سەر سێ هەرێم بێت، هەرێمی شیعە، هەرێمی سوننە و هەرێمی کورد، هەریەکەوە دەسەڵات و تایبەتمەندی خۆی هەبێت لە ناوچەکانی خۆیان و بەم میکانیزمە بتوانن عێراق بەرەو قۆناغێکی ئارام ببەن".
لەلایەن خۆیەوە سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری ھەڵبژاردنەکان، هۆگر چەتۆ ترسی خۆی ناشارێتەوە لەوەی جارێکی دیکە سیستەمێکی گشتگیر لە عێراق دروستبێتەوە پێشی وایە، ئەمە سەرەتای قەیرانێکی نوێیە کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.

سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری ھەڵبژاردنەکان، هۆگر چەتۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی کە لە عێراق روودەدا ترسی ئەوەی بۆم دروستکردووە کە کار لەسەر ئەوە بکرێت جارێکی دیکە سیستەمێکی شمولیی لە عێراق دروست بێتەوە لە وڵاتانی تونس و میسر و شوێنانی دیکەش بە هەمانشێوە بەرەو ئەوە دەچن کە گەل لەو ناوچەیە لەبەردەم دوو ئەگەردان، یان فەوزای بەردەوام یان دیکتاتۆریەت لە کاتێکدا هاووڵاتییانی عێراق لە زاخۆ تا فاو خۆزگە بەوە دەخوازن کە سیستەمێکی ئارام هەبێت و کەسێک حکووم بکات کە میللەت دووربکەوێتەوە لەو ململانێیە، ئەم حەزە هێدی هێدی بووەتە ئەوە هەر کەسێک بێت جێبەجێی بکات و خەڵکیش بەدوای بکەویت".
گوتیشی: "بەداخەوە هەمووان ئێستا رەحمەت بۆ ئەوە دەخوازن کە بگەڕێنەوە پێش ساڵی ٢٠٠٣ کە بۆچوونی من وانییە، بەڵام ئەو تێگەیشتنە بووەتە تێگەیشتنێکی گشتی، چونکە سیاسەتمەدارانی عێراق، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیە ناکەن، بۆیە پێموایە ئەوە سەرەتای قەیرانێکە کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە".
سەرپەرشتیاری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری ھەڵبژاردنەکان، هۆگر چەتۆ لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی مەرجەعی باڵای سەدرییەکان، کازم حائیری و دۆخی سەدرییەکان دوای ئەو قۆناغە دەڵێت "کازم حائیری خۆی روونی کردووەتەوە کە بە تەمەندا چووە و تاقەتی نەماوە، دەبێت ئەوەش بزانین کە رەوتی سەدر یەکێکە لەو هێزە سیاسییانەی کە دژی داگیرکاری ئەمریکا و بوونی ئێرانە لە عێراق و ناسنامەکەی روونە، دروشمی لا شەرقییە و لا غەربییە لەخۆڕا نییە، من پێموایە موقتەدا سەدر بۆخۆی و باوک و باپیری، قوربانی ئەوەیانداوە کە دەبێت مەرجەعی باڵای شیعەکانی هەموو دونیا لە نەجەف و کەربەلا بێت، پێموایە لە وجودی سیستانی ئەو کاریگەرییە کەمتربێت، چونکە ئەتباعی هەر دوازدە ئیمامەکە رازین بەوەی کە سەدر و ئەتباعەکانی لە دوای سیستانی-یەوەن لە دونیا".
رۆژی سێشەممە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکان لە بەغدا بەردەوامبوون، بە چەکی قورس و مام ناوەند، ھەر ھەمان رۆژ سەرکردەی رەوتی سەدر لە گوتارێکیدا، داوای لە لایەنگرانی کرد کە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان چۆڵ بکەن و ماوەی یەک کاتژمێر مۆڵەتیشی بۆیان دیاریی کرد، دوای گوتارەکەش خۆپیشاندەران گەڕانەوە ماڵەکانیان.
ھاوکات شەوی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رایگەیاند کە وەک ئەرکێکی نیشتمانیی داوای رێکخستنی گفتوگۆی نیشتمانییان لەنێوان لایەنەکان کردووە و گوتی: "دۆخەکە پێویستی بە سازشی ھەمووان ھەیە نەک بەردەوامیدان بە گرژیی و ناکۆکییەکان"، هەروەها جەختی لەوەکردەوە کە ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا وەک ئەرکێکی نیشتمانیی و ئەخلاقی، دەستبەرداربوونی خۆی لە پۆستی سەرۆکوەزیران پێشکەش دەکات.
news_share_descriptionsubscription_contact



