Zana Natık Kerem
21 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2024
ھەولێر ــ AA
دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق ڕایگەیاند کە نابێت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە مووچە بێ بەش بکرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دانیشتنی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم و یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەنجامدرا.
لە میانی دانیشتنەکەدا، سەرۆکی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق، جاسم محەمەد عەبود ژمارەیەک بڕیاری لەبارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمیدا و ڕایگەیاند کە دەبێت بە پێی ماددەی ١١٦ و ١١٧ دەستووری عێراق، داھات و سامانی گشتیی، بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی لەنێوان گەلانی عێراق دابەش بکرێت و نابێت ستەم لە ھیچ کەسێک بکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم لە کاتی خۆی دابەش بکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە نابێت مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە مووچە بێ بەش بکرێن و گوتی: "دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بە نیشتمانی بکرێت".
ڕاشیگەیاند کە دەبێت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم پابەندی یاسای بوودجەی گشتیی فێدراڵیی بن بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێم و باسی لەوەش کرد کە دواکەوتنی مووچە بۆ ھەرێمی کوردستان پێشێلکاریی یاساییە و پێچەوانەی ماددەی ٣٠ی دەستووری عێراقە.
سەرۆکی دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق جەختیشی لەوە کردەوە کە دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئەرکی پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق لە ئەستۆ بگرێت و کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێم چارەسەر بکات بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێت لە پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێم.
گوتیشی: "پێویستە حکوومەتی عێراق پابەندبێت بە پێدانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان و نابێت ئیتر قەرز بدرێتە حکوومەتی ھەرێم بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی دابەش بکات".
جاسم محەمەد عەبود ڕاشیگەیاند: "دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی ڕادەستی بەغدا بکات".