Hemin Othman Mohammed
21 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2024
هەڵەبجە - AA
دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە هەفتەی ڕابردوو ناوچەکەی گرتەوە، کانیاو و سەرچاوەکانی ئاو بووژانەوە و، ئاستی ئاوی ڕووبار، بەنداو و دەریاچەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی، لە سنووری پارێزگای سلێمانی کۆی گشتیی ڕێژەی بارانبارین لەمساڵدا ٤٣٨،١ ملم بووە کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ١٠١ ملم زیادیکردووە.
ڕووباری سیروان درێژییەکەی ٤٤٥ کیلۆمەترە و بە چەندین ناوچەدا تێدەپەڕێت، دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە، بەنداوی دەربەندیخان لە سلێمانی و بەنداوی حەمرین لە پارێزگای دیالە و، کۆی گشتی بارانبارین لە بەنداوی دەربەندیخان ٥٣٣،٣ ملم بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٢٢٣،٣ ملم زیادیکردووە، ئەمەش ئاوی بەنداوەکەی بەڕێژەیەکی زۆر زیادکردووە.
هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی دروستکردنی ژمارەیەك بەنداو لە سنووری ئێران و گۆڕینی ئاراستەی ئاوەكە، ئاستی ئاوی رووبارەكە بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، بەڵام بارینی ئەم ڕێژە زۆرەی باران لەمساڵدا، قەرەبووی کردووەتەوە و ئاستی ئاوەکە بەشێوەیەک زیادیکردووە کە چەندین ساڵە لەم کات و وەرزەدا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستە.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو ڕووباری سیروانی بەسەر کردەوە و لە نزیکەوە دیمەنی ڕووبارەکەی چرکاند و، هاووڵاتییانی ناوچەکەشی دوواند، کە هەندێکیان زۆر دڵخۆشن بە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچەکە و پێیانوایە کاریگەری ئەرێنیی لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان دەبێت.
ڕووباری سیروان وەك سەرچاوەیەكی گرنگی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، كشتوكاڵكردن و ڕاوەماسی و گەشتیاریی سوودی لێ وەردەگیرێت، بووەتە جێی سەرنجی دانیشتووانی ناوچەکە و ئەو ڕێبوارانەی بە ناوچەکە دا تێدەپەڕن.
هاووڵاتی سالار یونس (٥٢ ساڵ) دانیشتووی گوندی حاجی ڕەقەی سەربە شارۆچکەی سیروان لە پارێزگای هەڵەبجە، بە پەرۆشەوە باسی لە بارانبارینی بەخووڕی ڕۆژانی ڕابردوو کرد و دەڵێت لەوەتەی بەبیری دێت ئاستی ئاوەکە لەم وەرز و کاتەدا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.
تیمەکەمان سەردانی پردی کۆنی کرد کە یەکەم پردە لە نێوان هەڵەبجە و سلێمانیدا و بە گوتەی سالار ئەمە یەکەم جارە لەم وەرز و کاتەدا ئاو بگاتە پردەکە، چونکە ساڵانی ڕابردوو لە کۆتایی وەرزی بەهاردا ئاو گەیشتووەتە ئەو شوێنە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا یەک مانگ زستانی ماوە و ئاو گەیشتووەتە ئەو ئاستە، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکرێت ئاستی ئاو زیاتر ببێت.
بەشێک لە هاوڵاتییان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش و، ڕاوکردنی ماسی بە تۆڕ و قولاپ و، هەندێکیشیان بۆ وێنەگرتن سەردانی ناوچەکە دەکەن.