Selman Aksünger
03 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2020
لاهای - AA
دادگای سزای نێودەوڵەتیی، ئیدانەی بڕیاری ئەمریکای کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر سەرۆکی داواکاری گشتیی، فاتاۆ بێنسۆودا و بەرپرسانی دیکە لە داواکاری گشتیی کە لێکۆڵینەوەیان کردووە لەو بانگەشانەی باس لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەکەن لەلایەن سەربازانی ئەمریکاوە لە ئەفغانستان.
لەو بارەیەوە، دادگای سزای نێودەوڵەتیی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە ئەو سزا ئابوورییانەی دژبە بەرپرسانی دادگای سزای نێودەوڵەتیی دەرکراون و ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت، هێرشێکی جددی بێ وێنەیە دژبە دادگاکە و سەروەری یاسا.
هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی وڵاتانی لایەنگری دادگای سزای نێودەوڵەتیی، ئۆ-گۆن کوۆن ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارەکەی ئەمریکایان رەتکردووەتەوە.
کوۆن باسی لەوە کرد کە دژ بەو هێرشانەی دادگا و کارمەندەکانی کردووەتە ئامانج وڵاتانی لایەنگر پشتیوانییان بۆ دادگاکە زیاد کردووە.
دادگای سزای نێودەوڵەتیی لە مانگی ئاداردا، دەسەڵاتی دا بە لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانەی باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا لە ئەفغانستان تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، ئەو هەنگاوەیش کاردانەوەی حکوومەتی ئەمریکای لێکەوتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک فەرمانی دا بە سەپاندنی چەند سزایەک بەسەر بەرپرسانی دادگای سزای نێودەوڵەتییدا، وەک دەستبەسەرداگرتنی سەروەتەکانیان لە ئەمریکا و قەدەغەی چوونیان بۆ ئەو وڵاتە.