27 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2017
بەغدا ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، جەبار لعێبی داوای لە كۆمپانیا بیانییە نەوتییەكان كرد ئۆفەرەكانیان بە ئامانجی گەڕان بەدوای نەوت و غازدا پێشكەش بكەن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، جەبار لعێبی رایگەیاند كە داوا لە كۆمپانیا بیانییە نەوتییەكان دەكات كە ئۆفەرەكانیان بە ئامانجی گەڕان بەدوای نەوت و غازدا لە نۆ كێڵگە پێشكەش بە وەزارەتەكەی بكەن.
وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە پێنج لەو كێڵگە نەوتییانە دەكەونە سەر سنوور لەگەڵ ئێران و سێی دیكە دەكەونە سەر سنوور لەگەڵ كوێت و ئەوەی دیكەشیان كێڵگەیەكی دەریاییە لە كەنداو.
جەبار لعێبی گوتیشی: "رێورەسمی وەرگرتنی ئۆفەرەكان لە ٢١ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٨ بەڕێوەدەچێت".
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی: "ئامانجی سەرەكی لە گەڕان بەدوای نەوت و غازدا لەو كێڵگانە، زیادكردنی یەدەگی نەوت و غازی وڵاتە".