Hamza mansur
07 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2016
بەغدا
وەزارەتی نەوتی حكوومەتی عێراق، ئاماری هەناردەی نەوتی شەش مانگی رابردووی بڵاو كردەوە و رایگەیاند: "لە نیوەی ئەم ساڵدا، رۆژانە 3 ملیۆن 292 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوە كە كۆی گشتی ئەو هەناردەیە گەیشتووەتە زیاتر لە 592 ملیۆن بەرمیل".
وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق، ئەو ئامارەی پشتبەستن بە كۆمپانیای سۆمۆ بڵاوكردووەتەوە کە لە نیوەی ئەمساڵدا، 592 ملیۆن و 56 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە كراوە.
وەزارەتی نەوت ئاماژەشی بەوە کردووە، لە شەش مانگی رابردوو، مانگانە 98 ملیۆن و 76 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوە ئەو ژمارەیە رۆژانە 3 ملیۆن و 292 هەزار بەرمیل بووە.
بەپێی ئەوەی وەزارەتی نەوت رایگەیاندووە، داهاتی فرۆشتنی نەوتی خاو لە شەش مانگی رابردوو، بە فرۆشتنی هەر بەرمیلێك نەوت بە 31 دۆلار و 32 سەنت، 17 ملیارو 694 ملیۆن دۆلار بووە.
هاوكات كۆمپانیای سۆمۆ بڵاویكردەوە، 34 كۆمپانیای ئاسیا و ئەورووپا و ئەمریكا نەوتی شەشی مانگی رابردووی عێراقیان كڕیووە.