Zana Natık Kerem
22 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2023
ھەولێر – AA
وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسڵان بایراکتار کۆبووەوە و لە میانیدا، پرسی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی عێراقیان بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا تاوتوێ کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی لە ئەنقەرە لەگەڵ ئاڵپارسڵان بایراکتار کۆبووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسی ھەرێمیی کە جیگای بایەخی ھاوبەشبوون تاوتوێ کراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان لە گرنگی ھێڵی بۆری نەوتی خاو لە نێوان عێراق و تورکیا کردووەتەوە، ھەروەھا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی خاو، ئەوەیش دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و پشکنینی ئەو بۆرییە کە نەوتی لێوە ھەناردە دەکرێت کە لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣دا، زیانی بەرکەوتووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق باسی لەوەیش کردووە "لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو وەزیر، جەختیان کردووەتەوە لە پێشخستنی ئاسۆی ھاریکاری ھاوبەش لە بوارەکانی وزە، نەوت، غاز، بەستنەوەی کارەبا، ھەروەھا وزەی نوێبووەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەیشدراوە، لیژنەی ئابووریی ھاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا کە هەریەکە حەییان عەبدولغەنی و ئاڵپارسڵان بایراکتار سەرۆکایەتی دەکەن، بڕیاریدا ١٩ھەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە لە بەغدا ئەنجامبدرێت کە لە ماوەکانی داھاتوودا، وادەکەی دیاری دەکرێت.
دوێنێ دووشەممە، وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتبووە ئەنقەرە.