İbrahim Hamdi Hacıcaferoğlu
23 حوزەیران 2025•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2025
بروکسل - AA
نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، کایا کالاس ڕایگەیاند داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە زۆر مەترسیدار دەبێت و، بۆ هیچ کەسێک باش نابێت.
پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە بروکسل، کالاس بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و، ئاماژەی بەوە کرد کە نیگەرانییەکان لەبارەی هەڵکشانی گرژیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گەورەن.
کالاس ڕایگەیاند: "داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە زۆر مەترسیدار دەبێت و، بۆ هیچ کەسێک باش نابێت. وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرنگی بە چارەسەری دیپلۆماسی دەدەن".
هاوکات کالاس کۆبوونەوەکەی ٢٠ی حوزەیرانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقی لە جنێڤ وەبیرهێنایەوە و، ڕایگەیاند: "ئێران لە پاڵ پرسی ئەتۆمی، دەستی بە گفتوگۆ کرد لەبارەی ئەو پرسە ئەمنییە فراوانانەی پەیوەندییان بە ئەورووپاوە هەیە. لەبەرئەوە بە دڵنیاییەوە دەبێت بەردەوامی بەمە بدەین".
کالاس ئەوەیشی وەبیرهێنایەوە ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا بەرنامەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژوو کردووە، کە بە پلانی کاری گشتگیری هاوبەش ناسراوە و، گوتی: "بێگومان میکانیزمێک هەیە کە پێشبینی گەڕاندنەوەی هەموو سزاکان دەکات لە ئەگەری بەدینەهاتنی هیچ پێشوەچوونێک لە ڕێککەوتنەکەدا".