Hemin Hüseyin
06 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 07 حوزەیران 2018
هەولێر - AA
لە میانی بەخشینی بڕوانامەی ئایزۆ بە ژمارەیەک لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی جیددی هەیە بۆ چاکسازی و لەو پڕۆژەیەش بەردەوام دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ھەموو شێوەیەک سوورە لەسەر چاکسازیی کارگێڕی و سیستەمی بەڕێوەبردن بۆ قۆناغێکی باشتر. پێشکەشکردنی باشتر و ئاسانکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتییان بە کوالێتیی بەرزتر و تێچووی کەمتریشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنە لە دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ کە نموونەیەکی باشە بۆ ئەوەی ھەمان سیستەم لە سەرجەم دامەزراوەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە حکوومەت ھەوڵدەدات ژێرخانێکی ئەلیکترۆنیی تۆکمە دابمەزرێنێت بە مەبەستی نەھێشتنی رۆتین و ئاسانکاری و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بە کات و تێچوونێکی کەم و کوالێتییەکی بەرز، راشیگەیاند کە دەبێت ئەم هەوڵە ئامانجی سەرەکیی دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بێت.
لە رێورەسمەکەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ئێمە ئیرادەیەکی جیددیمان بۆ چاکسازی ھەیە، بەتایبەتی لە سیستەمی کارگێڕیدا، بۆیە ئەم سیستەمە لە گەشتوگوزار لە ساڵی ٢٠١٤ و لە ھاتوچۆی دھۆک لە ساڵی ٢٠١٥ جێبەجێکراوە کە ھەرێمی کوردستان لە دەستپێکی شەڕێکی قورسی تیرۆر و ھەروەھا لەنێو قەیرانێکی سەختی داراییدا بوو، سیستەمێک پەیڕەو بکرێت کە ھاووڵاتییان بێزار و ماندوو نەکات و ھەموو کار و مامەڵەکان بە کەمترین کات و تێچوون رایی بکرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە هاووڵاتییان ماندوودەبن تا مامەڵەکانیان تەواودەکەن لە دامودەزگاکانی حکوومەت و داوای کرد کە بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییاندا بکرێت و گوتی: "ئێمە دەزانین ھاووڵاتییان چەند ماندوو دەبن و دەبێت چەند ژوور و فەرمانگە بکەن تا مامەڵەیەک بەڕێوەدەچێت، ئێمە دەبێت لەم سیستەمە رزگارمان بێت، ناکرێت ھاووڵاتییانی ئێمە ئێستاش ھێندە بەدەست ئەم رۆتیناتەی لە سیستەمی کارگێڕیدا ھەیە، بێزار ببن. دەبێت ھەوڵ بدرێت بە باشترین شێوە مامەڵەکانی ھاووڵاتییان بەڕێوەبچێت، داواش لە ئەفسەرەکان دەکەم بە تایبەت ئەوانەی لە مەرزەکان و فڕۆکەخانەکانن، بە باشترین شێوە پێشوازی و مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییاندا بکەن".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی حکوومەتی ئەلیکترۆنی ئەوەیە کە وەک وڵاتانی پێشکەوتوو، تا دەکرێت زۆربەی مامەڵەی ھاووڵاتییان بە شێوەی ئۆنلاین لە ماڵەوە و لەسەر لاپتۆپێک ئەنجام بدرێت. حکوومەتی ئەلیکترۆنی دەبێت خاوەنی ژێرخانێکی ئەلیکترۆنی تۆکمە بێت، تاوەکو رەزامەندیی رێکخراوێکی نێودەوڵەتی وەکو ئایزۆ بەدەست بھێنێت ھەروەھا رەزامەندیی ھاووڵاتییانیش بەدەست بھێنێت".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "وەک چۆن پێشتر لە بواری وزەدا کۆمپانیای دیلۆیتمان ھێنایە کوردستان و لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی، چاکسازیمان لە بواری بانکدا کرد لە ھەموو بوارەکانیشدا ئەم کارە دەکەین، ئەمڕۆ ئێمە لە قۆناغێکی تەواو نوێداین. دوای ساڵی ٢٠١٤، قۆناغێکی نوێ دەستیپێکردووە".
لە کۆتاییدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە ھەرێم خاوەن سەرمایەیەکی زۆری مرۆییە، خاوەن ژێرخانێکی زۆر گەورەیە، بەڵام زۆر گرنگترە کە ژێرخانێکی کارگێڕیی گەورە و پۆلێنکراو لەم وڵاتە دروست ببێت و گوتی: "ئێمە لەوەدا زۆر بەداخەوەین کە ئەم ژێرخانە دروست بکەین، ئەوەی ئەمڕۆ لەم مەراسیمە بەشدارین، رەنگە خەڵکێک بە بچووک سەیری بکات، ئەمە ئەو چاکسازییەیە کە زۆر جەختی لەسەر دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر وەکو تیمێک پێکەوە کار بکەن، دڵنیام سەرکەوتن بەدەست دەهێنین، بەڵام ئەگەر یەک بە یەک و ئەنانیەت لە ئیشەکاندا ھەبێت، ئەوا سەرکەوتن زەحمەت دەبێت".
سیستەمی ئایزۆ، سیستمێکی بەڕێوەبردنی جیھانییە کە لەسەر ھەموو دامەزراوەیەک کار و چالاکییەکانی و قەبارەی کاری ھەرچەند و چۆن بێت جێبەجێ دەکرێت. بە کەوتنەکاری ئەم سیستەمە، کاروباری هاووڵاتییان لە فەرمانگەکان بەتەواوی ئاسانکاری بۆ دەکرێت و رۆتین ناهێڵێت و ئەم سیستەمە لە وەزارەتی ناوخۆ کارا دەکرێت.