Hemin Hüseyin
01 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2017
هەولێر-AA
لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هاووڵاتییان بیر لە گەشتکردن دەکەنەوە بۆ ناوچەیەکی فێنکتر بۆ ئەوەی کاتەکانییان لە کەشوهەوایەکی دیکەدا بەسەر بەرن. لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، هاووڵاتییان بەرەو ناوچە شاخاوییەکان گەشت دەکەن و بەشێکیش لە هاووڵاتییان بەرەو وڵاتانی دیکە گەشت دەکەن.
وڵاتی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی گەشتیاری تێدایە و خەرجی گەشتکردنەکەش کەمترە لەچاو وڵاتانی دیکە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە هاووڵاتییانی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی زیاتر بەرەو ئەو وڵاتە گەشت بکەن.
خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئاماژە بەوە دەکات کە لە وەرزی ئێستادا هەفتانە نزیکەی ١٥ هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی تورکیا گەشت دەکەن.
خاوەنی کۆمپانیای دریم هۆڵیدەی، سیروان سیامەند لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە وەرزی هاویندا رێژەی گەشتیاران بەرزدەبێتەوە و هاووڵاتییانیش زیاتر بۆ وڵاتی تورکیا گەشت دەکەن کە هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەرجی گەشتکردنەکە بۆ ئەو وڵاتە کەمترە لە چاو وڵاتانی دیکە، ئێمەش وەکو کۆمپانیا هەموو ئاسانکارییەکییان بۆ دەکەین و بە شێوەی گرووپ هاووڵاتییان دەبەین بۆ وڵاتی تورکیا بۆ ماوەی هەفتەیەک".
بەشیکی زۆری هاووڵاتییان لە رێگای گرووپی گەشتیارییەوە گەشت دەکەن ئەمەش بۆ ئەوەیە کە گەشتەکەیان خەرجی کەمتری تێبچێت و گەشتکردنی ئەم گرووپانەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
خەرجی گەشتکردنەکە بۆ وڵاتی تورکیا بۆ هەر کەسێک بڕی ٥٧٥ دۆلاری تێدەچێت کە چوون و هاتن بە فڕۆکە و دابینکردنی هۆتێل بۆ ماوەی یەک هەفتە و گواستنەوەی گەشتیاران بۆ شوێنە گەشتیارییەکان لە ئەستۆی کۆمپانیا دەبێت.
ئەو خاوەن کۆمپانیایە ئاماژە بەوەش دەکات کە ساڵانە لە مانگی تەمووزەوە ژمارەی گەشتەکان زیاد دەکات بە پێی زۆری خواستی هاووڵاتییان و لەمبارەیەوە گوتی: "ساڵانە لە مانگی ٧و ٨ و٩ کە پشووی هاوین دەستپێدەکات، نزیکەی لە هەفتەیەکدا ١٥ هەزار گەشتیار گەشت دەکەن لەم رێژەیەش ١٠ هەزار گەشتیار بۆ ئیستانبوڵ و دوو هەزار گەشتیار بۆ ئانتالیا و ٥٠٠ گەشتیاریش بۆ ئەنقەرە گەشت دەکەن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەک لە گەشتیاران بۆ شارەکانی دیکەی تورکیا دەچن".
سیروان سیامەند، ئاسانکاری پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان لە لایەن کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر بە هۆکارێکی سەرەکی ئەو رێژە زۆرەی گەشتیاران دەزانێت و لەمبارەوە گوتی: "ئاسانکاری پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، سەدا سەد کاریگەری هەبووە چونکە ئێستا گەشتیاران لەماوەی یەک رۆژدا ڤیزاکانییان وەردەگرنەوە و هەر هەمان رۆژ دەتوانن سەفەر بکەن".
سیروان سیامەند گوتیشی: "هاووڵاتییانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیش زۆر جار لە هەرێمی کوردستان گەشت دەکەن و ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە نرخی گەشتکردن لە هەرێمی کوردستان هەرزانترە بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێڕاق".
بە پێی ئامارەکانی کۆمپانیای دریم هۆڵیدەی، رۆژانە ٧ فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو ئیستانبوڵ گەشت دەکەن، هەفتانەش ٩ فڕۆکە بەرەو ئەنقەرە و دوو فڕۆکەش بەرەو عەنتاب دەفڕن.