Heman Hussein Yaseen
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
سبەی چوارشەممە، ٢١ەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بەرووبووم و ئامێرەکانی کشتوکاڵی دەکرێتەوە کە تیایدا زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیا لە ١١ وڵاتی جیاوازەوە بەشدار دەبن و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت.
بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، سۆران قادر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سبەی بیست و یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بەرووبووم و ئامێرەکانی کشتوکاڵ دەکرێتەوە کە تیایدا زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیا لە ١١ وڵاتی جیاوازەوە بەشدارن".
لەبارەی زۆرترین کۆمپانیای بەشداربوو، سۆران قادر گوتی: "زۆرترین کۆمپانیای بەشداربوو، وڵاتی تورکیایە کە نزیکەی ٧٠ کۆمپانیای تورکی بەشدارن، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبێت".
پێشانگاکە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت کە تیایدا هەریەک لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی، عێراق، تورکیا، رووسیا، هۆڵەندا، مۆڵدۆڤیا، ئیتاڵیا، ئێران، میسر، بەلجیکا، ئازەربایجان و جەزائیر بەشدارن.