هونەر و كلتوور, عێراق

کۆنترین کتێبی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر تەمەنی ٢٠٠ ساڵە

کۆنترین و بە دەگمەنترین کتێب لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ کتێب، کتێبەکە لە ئینجیل و تەوڕات پێکھاتووە، ڕەنگاوڕەنگە و تەمەنی ٢٠٠ ساڵە، ئەم کتێبە لە وڵاتی بەریتانیا چاپکراوە.

Heman Hussein Yaseen  | 18.04.2025 - نوێکردنەوە : 18.04.2025
کۆنترین کتێبی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر تەمەنی ٢٠٠ ساڵە

Arbil

هەولێر - AA

کتێبێکی ئایینیی ئینجیل و تەوڕات کە لە بەریتانیا چاپکراوە و تەمەنی ٢٠٠ ساڵە، بووەتە کتێبێکی مێژوویی بەرچاو. چونکە چاپی دەقی ئایینی بەتایبەت لە بەریتانیا مێژوویەکی دوور و درێژ و دەوڵەمەندی ھەیە و کتێبێکی وەھا کۆن دەتوانێت تێڕوانینێک بۆ پەرەسەندنی تەکنیکەکانی چاپی ئەو سەردەمە نیشان بدات.

کتێبەکە لە ١٧ھەمین پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ کتێب نمایشکراوە و ھیچ نرخێکی بۆ فرۆشتن لەسەر دانەنراوە بەڵکو دەبێتە موڵکی ئەو کەسەی کە دەتوانێت لە داھاتوودا بیپارێزێت.

ئەیمەن عەبدولقادر، گەنجێکی چالاک و کارایە و حەز بە کۆکردنەوەی ئەو شتە کۆن و دەگمەن و سەرنجڕاکێشانە دەکات کە لە وڵاتی بەریتانیا ھەن، وەک خۆی دەڵێت لە بەریتانیا کۆمەڵێک شتی کۆن و گرانبەھای کۆکردووەتەوە و لە شوێنێک ھەڵیگرتوون بۆ ئەوەی لە لەناوچوون بیانپارێزێت.

لەبارەی ئەو کتێبەی کە ئینجیل و تەوڕاتە و تەمەنی ٢٠٠ ساڵە، ئەیمەن عەبدولقادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە کۆنترین و بە دەگمەنترین کتێبە لە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ کتێب، کتێبەکە لە ئینجیل و تەوڕات پێکھاتووە، ڕەنگاوڕەنگە و تەمەنی ٢٠٠ ساڵە، ئەم کتێبە لە وڵاتی بەریتانیا چاپکراوە و تا ساڵێک بەر لە ئێستا لەلایەن بنەماڵەیەکی گەورەی ئەو وڵاتەوە پارێزراو بووە و دواتر بە بەدەست ئێمە گەیشتووە و ئێستا لەم پێشانگایە نمایشمان کردووە بەڵام بۆ فرۆشتن نا".

کتێبەکە هەزار و ٣٠٠ لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێکھاتووە، بەشی یەکەم بریتییە لە شیکردنەوەی ھەندێک وشەی نێو کتێبەکە، بەشی دووەم بریتییە لە تەوڕات و بەشی سێیەم بریتییە لە ئینجیل، ھەمووی بە چاپێکی جوان و ڕوون نوسراوەتەوە و تا ئێستا دەستکاریی ھیچ شتێکی نەکراوە.

لەبارەی مێژووی وردی کتێبەکە و وردەکارییەکانی کە لە نێویدا نوسراوە، ئەیمەن عەبدولقادر گوتی: "لە ناوەڕاستی کتێبەکە چەند لاپەڕەیەک بۆ تێبینی دیزاینکراوە، لەو شوێنانە نەوەکانی ئەم بنەماڵەیە لە ساڵی ١٨٣٢ بە دواوە، ناو و زانیاری بنەماڵەکەیان تێدا نوسیووەتەوە تا ساڵانی حەفتاکان نوسینی زانیارییەکان بەردەوامی ھەبووە، بەڵام لەوە بە دواوە ھیچ لێ نەنوسراوەتەوە و نەوەکانی دوای ساڵانی حەفتاکان خۆیان نەناساندووە، ئێمەش ھەر لە یەکێک لە نەوەکانی ئەم بنەماڵەیە کتێبەکەمان وەرگرتووە".

ئەیمەن عەبدولقادر گوتیشی: "لە بەشی یەکەمی کتێبەکە ھەرچی وشەیەک ھەیە بە وردەکارییەوە باس کراوە، دواتر دەبێتە تەوڕات و پاشان ئینجیل، کتێبەکە بە زمانی ئینگلیزی نوسراوەتەوە، لاپەڕەکانی بە ئاوزێڕکراون، ئێمە لە بەریتانیا شوێنێکمان ھەیە ھەموو ئەو شتانەی لێ ھەڵدەگرین کە کۆن و دەگمەن و دانسقەن، بەڵام ئەم کتێبەمان ھێناوەتە پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر و نایفرۆشین بەڵکو دەمانەوێت بیبەخشین بەو کەسەی کە دەتوانێت بیپارێزێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın