Ozhin Jola
04 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2021
کەرکووک – AA
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراق رێگا بەھاوردەکردنی ژمارەیەک جۆری سەوزوە و میوە نادرێت و ئەوەیش نرخی ژمارەیەک میوە و سەوزەی لە بازاڕەکان گرانکردووە.
ئەو ئۆتۆمبێلە بارھەڵگرانەیشی سەوزە و میوەی هاوردەکراویان بارکردووە لە بازگەکان رێگا بەھاتنە ژورەوەیان نادرێت و بەشێکیش لەوان سەوزەواتەکانیان لە نزیک بازگەکان فڕێ دەدەن.
قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی سەوزە و و میوە بۆ شارەکانی عێراق لەکاتێکدایە ھێشتا بەروبوومی سەوزە و میوەی خۆماڵی نەھاتۆتە بەرھەم و بازاڕەکانی عێراق لەئێستادا لە قۆناغی چاندنی تۆو و بەروبوومە کشتوکاڵییەکاندایە و لە مانگی پێنجدا ئامادە دەبێت.
ھێمن سابیر یەکێکە لە کاسبکارانی بازاڕی عەلوەی شاری کەرکووک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەھۆی قەدەغەکردنی ھاوردەی سەوزە و مێوە بۆ نێو شاری کەرکووک، نرخی بەشێکی زۆر لە سەوزەکان گرانبوون و ھەندێکیشی خراپ بووە و بەکەڵکی خواردن نایات".
ھێمن سابیر گوتیشی: "پێشووتر نرخی یەک کیلۆگرام تەماتە بە ٢٠٠ دیناری عێراقی بوو، بەڵام ئێستا نرخی یەک کیلۆگرام تەماتە بە ٦٠٠ دینار دەکڕدرێت و بەھەزار دینار لە بازاڕەکانی شارەکە ساغ دەکرێـتەوە".
سامان سدیق یەکێکی ترە لە خاوەن کۆگاکانی بازاڕی عەلوەی خان خورمای کەرکووک لەسەر گرانبوونی نرخی سەوزە و میوە گوتی: "لەپاش بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ راگرتنی ھاتنی بەروبوومی سەوزە و میوە بۆ نێوخۆی عێراق، بەراوورد بە رابردوو رێژەی سەوزە و میوە لە بازاڕی عەلوە کەمی کردووە و خواستیش لەسەر ئەو شتومەکانەیش زۆرن و بەشێک لەو سەوزانە خواردنی رۆژانەی خەڵکین".
سامان سدیق گوتیشی: "کەمبوونەوە و قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ئەو سەوزە و میوانە، وایکردووە نرخەکانیان سێ ھێندەی رابردوو زیادبکات و بازاڕی کڕین و فرۆشتنیش کەم بکات".
- بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراق سستی خستۆتە نێو بازاڕ و عەلوەکانی کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە.
دانا سەید ھاووڵاتییەکی شاری کەرکووکە و لەسەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشێک لە بڕیارەکانی حکوومەت دەبنە ھۆی ماڵوێرانی بۆ ئێمەی ھاووڵاتی و دەبێت ئێمە باجەکەی بدەین و بەشێکیش لە بازرگانەکانی سەوزە و میوەیش ئەو دۆخانە دەقۆزنەوە و نرخەکان زیاد دەکەن".
دانا سەید باسی لەوەیشکرد کە بەشێکی زۆر لەو سەوزە و میوانەی ئەمڕۆ کڕێویتی نرخەکانیان دوو ھێندە بۆ سێ ھێندەی نرخەکانی رابردوویان زیادیکردووە و ئەوەیش لە توانای خەڵکی ھەژاری شارەکەدا نییە.
لەسەر بڕیارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراق بۆ راگرتنی ھاوردەکردنی میوە و سەوزە بەرێوبەری کشتوکاڵیی کەرکووک، زوھەیر عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەپێی ئەو بڕیارەی وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراق، ٢٣ جۆری سەوزە و میوە ھاوردەکردنیان قەدەغەکراوە و نابێت بھێنرێتە پارێزگاکانی عێراقەوە".
بەرێوبەری کشتوکاڵیی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوەیشکرد "بڕیارەکە ھەموو پارێزگاکانی عێراقی گرتۆتەوە و ئامانجیش لە دەرکردنی ئەو بڕیارانە ساغکردنەوەی بەروبوومی ناوخۆییە".
لەسەر ھەماھەنگیان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زوھەیر عەلی گوتی: "کێشەی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان بەروبوومی سەوزە و میوە رەوانەی عێراق دەکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزاەرتی کشتوکاڵیی عێراق".