Hamza mansur
13 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2016
ئەنبار
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار، لیوا روكن ئیسماعیل مەحلاوی رایگەیاند كە هێزەكانی توانیویانە سێ ناوچە لە باشووری فەللوجە و رۆژهەڵاتی رومادی لە مین و بۆمبە چێنراوەكانی داعش پاك بكەنەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، مەحلاوی گوتی: "هێزێك لە فیرقەی 8ی سوپا بە پشتیوانی چەكدارانی هۆزەكان، توانیویانە لە هەر دوو ناوچەی ئەلبوهەوا و عەجاربییە لە باشووری فەللوجە بەتەواوەتی لە مین و بۆمبە چێنراوەكانی داعش پاك بكەنەوە".
فەرماندەكە دەڵێت، لەو دوو ناوچەیە 37 بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو لەلایەن ئەو هێزانە تەقێنراونەتەوە.
ئیسماعیل مەحلاوی ئاماژەی بەوەكرد، كە هێزێكی فیرقەی 10 بەهەمان شێوە، توانیویانە ناوچەی ئەلبوبالی لە جەزیرەی خالیدیە 23 كیلۆمەتر رۆژهەڵاتی رومادی لە بۆمب و مینە چێنراوەكانی داعش پاك بكەنەوە.
ناوبراو دەڵێت، لەو ناوچەیەش ئەو هێزانە چوار بۆمبی چێنراویان تەقاندووەتەوە و هەروەها تەرمی چوار تیرۆریستی داعشیان لە ناو یەكێك لە ماڵەكاندا دۆزییەوەتەوە و كە پشتێنی بۆمبرێژكراو لە دوو لەو تیرۆریستانە داعش بەسترابوو بەڵام پوچەڵ كرانەوە.
بەپێی گوتەی مەحلاوی، فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هێرشێكی ئاسمانییدا توانیان، سێ كۆگای چەك و تەقەمەنی رێكخراوی داعش لە باكووری ناوچەی ئەلبوزیاب بەئاراستەی جەزیرەی رومادی باكووری شاری رومادی لەناوبران و سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی داعیشیش كوژران كە لەناو كۆگاكاندا بوون.