Mazın Asad
12 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 13 ئەیلوول 2016
دیمەشق
رژێمی سووریا رایگەیاند ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و رووسیا تاکو ١٨ی ئەیلوول لە تەواوی وڵات پەیرەو دەکرێت.
سوپای رژێمی سووریا لە روونکردنەوەیەک بۆ ئاژانسی فەرمی سانای سووری رایگەیاند: "جگە لەوەی مافی وەڵامدانەوەمان ھەیە بەرامبەر بە پێشێلکاری گرووپە چەکدارەکان، ئاگربەستەکە لە کاتژمێری ٧ی ئێوارە رێکەوتی ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٦ دەست پێدەکات و لە کاتژمێر ١٢ی شەو رێکەوتی ١٨ی ئەیلوولی ٢٠١٦ کۆتایی پێدێت کە لە تەواوی وڵات پەیرەو دەکرێت".
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە تاکو ئێستا لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ھیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئاگربەستەکە نەداوە، لەکاتێکدا سەرچاوە ناوخۆییەکانی سووریا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا سەرەڕای ئەوەی ھەندێک گومانی ھەیە، بەڵام ئاگربەستەکەی پەسەند کردووە.
سەرچاوەکان رایانگەیاندووە کە گومانی ئۆپۆزسیۆن لەوەدایە کە ھیچ گەرەنتییەک لەبارەی ئاگربەستەکە نەدراوە.
دوای دەستپێکردنی ئاگربەست لە سووریا، رژێمی ئەسەد ھێرشی ئاسمانی کردە سەر یەکەیەکی نیشتەجێ لە شارەدێی مەرعات موسەیرین لە ئیدلب کە لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنە و بەم پێیەش لە ئێستادا ئاگربەستەکەی پێشێل کرد.
رۆژی ھەینی رابردوو لە شاری جنێڤ رێککەوتنێک لەبارەی ئاگربەست لە سووریا ھاتە ئاراوە و ئەمڕۆ کاتژمێر ٦:٤٥ خولەکی ئێوارە بە کاتی سووریا چووە بواری جێبەجێکردنەوە.