حەلەب
لە هێرشێكی ئاسمانی سوپای سووریادا بە بۆمبی ناپاڵم بۆ سەر قوتابخانەیەكی سەرەتایی گەڕەكی ئەنساری شاری حەلەب، كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندایە 10 كەس كوژران و 30ی دیكەش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیامنێری ئانادۆڵو لە بەرپرسانی بەرگری مەدەنی ناوچەكەوە وەری گرتووە، فڕۆكەیەكی جەنگی سوپای سووریا بە بۆمبی ناپاڵم هێرشی كردووەتە سەر قوتابخانەی سەرەتایی "سەید ئەلئەنساری" لە گەڕەكی ئەنساری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندایە.
بەرپرسێكی بەرگری مەدەنی ناوچەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت رایگەیاند: "لەو هێرشەدا بەلایەنی كەمەوە 10 كەس كوژراون و 30 كەسی دیكەش برینداربوون كە مامۆستا و قوتابیشیان لە نێودایە. هاوكات بەهۆی بۆردومانەكەوە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیل سووتاون".
بەرپرسەكە ئەوەشی خستەڕوو، كە خەڵكیان ئاگادار كردۆتەوە نەچنە دەرەوە بەهۆی هێرشی ئاسمانی سوپای رژێمەوە كە دەیكەنە سەر ئەو ناوچانەی كە لە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن دایە لە شاری حەلەب، و گوتی: "بۆ ئەوەی سوپاكەی ئەسەد كۆمەڵكوژی دووبارە نەكاتەوە خەڵكیمان ئاگادار كردۆتەوە لە ماڵ دەرنەچن، و روو لە شوێنی قەرەباڵغ و بازاڕەكان نەكەن".
یەكێك لە چالاكوانانی ناوچەكە بەناوی ئەحمەد یاسر، باسی لەوە كرد كە هێزەكانی رژێم بە بۆمبی ناپاڵم ناوچەی ئەنساری و بەساتینی قاسری حەلەب-یان بۆردومان كردووە.
یاسر ئەوەشی خستەڕوو كە بەهۆی بۆردومانەكەوە ژمارەیەكی زۆر ئۆتۆمبیل ئاگریان گرتووە و تیمەكانی ئاگركوژێنەوەش سەرقاڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن، گوتیشی: "هێزەكانی ئەسەد لە دوێنێوە تا ئێستا بە بۆمبی ناپاڵم بۆردومانی یەكەكانی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی و بازاڕەكان دەكەن لەبەرئەوە داوا لە هاووڵاتیانی ناوچەكانی شاری حەلەب كە ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن دایە دەكەین لە ماڵەكانیان بمێنەوە و تەنها لەكاتی زۆر پێویست روو لە دەرەوە بكەن".
دووپاتیشكردەوە كە فڕۆكەكانی رژێم لە بەیانیەوە تا ئێستا بەشێوەیەكی چڕوپڕ حەلەب بۆردومان دەكەن.