Sarmand Hameed
26 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2017
نەینەوا
حەشدی شەعبی بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ١٣ گوند لەژێر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆتایی هاتنی لاپەڕەی یەکەم لە قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی تەلەعفەر رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.
لە راگەیەنراوێکدا گوتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەحمەد ئەسەدی رایگەیاند: "هێزەکانیان کۆتاییان هێناوە بە لاپەڕەی یەکەمی قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە میحوەرەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارۆچکەی تەلەعفەر کە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردوام بوو".
لە راگەیەنراوەکەی دەستەی حەشدی شەعبی دا هاتووە: " لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکان ١٣ گوند رزگارکراون کە دەکاتە رووبەری ١١٣ کیلۆمەتردووجا، ٢٠٧ چەکداری داعش کوژراون، ٣٦ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو تەقینراونەتەوە و ٢١ ئۆتۆمبێل کە چەکدارانی داعشی تێدابووە تێکشکێنراون، هەروەها سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیش خراونەتە خوارەوە".
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکان، هێزەکانی حەشدی شەعبی ١٢٠٠ هاووڵاتییان لەژێردەستی چەکدارانی داعش ئازاد کردووە.
ئەحمەد ئەسەدی ئەوەی روونکردووەتەوە کە حەشدی شەعبی گوندەکانی(شەریعەی باکوور، عەین تەڵڵاوی، عبڕەی باشوور، خەرابە جحێش، تەل زەڵت، ئۆم مەسایید، زەیتوون، عەزیزییە، عبڕەی خەنزیر، عبڕەی نەجاڕ، عبڕەی گەروە، عبڕەی باكوور و عبڕەی ناوەڕاست ئازادکراون، سەرەڕای ئازادکردنی وێستگەی سووتەمەنی کە دەکەوێتەسەر شەقامی تەلەعفەر و شنگال).
لای خۆیەوە ئەفسەر لە سوپای عێراق، ملازمی یەکەم سەمیر داوود موحسن لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "حەشدی شەعبی ئامادەکاریی سەربازیی تەواوی کردووە لەو ناوچانەی کە پێی گەیشتووە و لە ئامادەباشی دایە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هەر هێرشێک کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام بدرێت".
سەمیر داوود موحسن گوتیشی: "بۆ بەرگرتن لە هێرشی داعش بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو کە لە شارۆچکەی تەلەعفەرە ئاراستە دەکرێن، هێزەکانی حەشدی شەعبی بەربەستی خوڵیان داناوە و خەندەقیان لێداوە".
رۆژی ٢٢ی شوبات، حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی فڕۆکەکانی سوپای عێراق، لاپەڕەی یەکەمی قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.