Zana Natık Kerem
01 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2018
ئیستانوڵ ــ AA
دەستەی پارێزەزارنی بەرگری لە كچی سەرۆكی یەكێتی زانایانی موسڵمانانی جیهان، عولا یوسف قەرزاوی رایگەیاند كە تەندروستی عولا لە زیندانی تاكە كەسی لە میسر تێكچووە.
لە بەیاننامەیەكدا كە دەستەی پارێزەرانی بەرگری لە كچی سەرۆكی یەكێتی زانایانی موسڵمانانی جیهان، عولا یوسف قەرزاوی لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە ئاماژەی بەوەداوە كە عولا خراوەتە نێو زیندانێكی تاكەسی و تەندروستی تێکچووە و تەنانەت نەیتوانیوە لەگەڵ پارێزەرەكانیدا قسە بكات.
تا ئێستا بەرپرسانی میسر هیچ روونكردنەوەیەكیان لەوبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە دادگای تاوانەكانی جیزە باشووری قاهیرە، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا، ماوەی دەستبەسەرکردنی عولا یوسف قەرزاوەی بۆ 45 رۆژی دیكە درێژكردەوە.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە كە بەرپرسانی میسر، رێگە نادەن خێزانەکەی و پارێزەرانی سەردانی عولا بكەن.
هاوكات بە پێی بەیاننامەكە، خێزانی عولا و هاوسەرەكەی حوسام خەڵەف داوایان لە حكوومەتی میسر كردووە كە بە پەلە و بە بێ هیچ مەرجێك، عولا و هاوسەرەكەی لە زیندانی ئازاد بكەن.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2017دا، بەرپرسانی میسر، عولا یوسف قەرزاوی و هاوسەرەكەی، حوسام خەڵەف ـ یان بە تۆمەتی بە ئەندامبوون لە رێکخراوی ئیخوان موسلیمین و دارشتنی پلان بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستی، دەست بەسەركردوون، هەرچەندە پێشتریش هەردووكیان لە رێگەی دەستەی پارێزەرەكانیانەوە، ئەو تۆمەتانەیان رەت كردووەتەوە.