Hemin Hüseyin
19 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2016
لەگەڵ دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ کە رۆژی 14/8/2016 ئەنجامدرا و توانرا 12 گوند کۆنتڕۆڵ بکرێت، هێزێکی پێشمەرگەی کوردی سووریا لە هێڵی پێشەوە کە دەکاتە گوندی شەنەف جێگیربوون کە مەودای نێوانیان لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی داعش لە گوندی کانی حەرامی تەنیا 2 کیلۆمەترە.
چوار رۆژ پێش ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستیپێکرد و لەماوەی دوو رۆژدا 12 گوندییان کۆنتڕۆڵکردهوه، لەو چوارچێوەیەشدا هێزێکی پێشمەرگە لە کوردەکانی سووریا کە بە "لەشکری رۆژ" ناسراون، بەشداری ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە و بەپێی زانیارییەکانیش لەم ئۆپەراسیۆنە ئەو هێزە 3 شەهید و 10 برینداری هەبووە.
لەشکری رۆژ لە ئێستادا لە بەرزاییەکانی گوندی شەنەف جێگیربوون کە دەکاتە هێڵی پێشەوەی بەرگری و بە دووری 2 کیلۆمەتر لە گوندی کانی حەرامییهوه دوورە، ئهو گوندە گرووپی تیرۆریستیی داعشی تێدایە و ئەفسەرێکی ئەو لەشکرەش رایدەگەیەنێت لە هەر جێگایەک پێویست بێت ئەوان ئامادەن بەرگری لە خاک بکەن.
ئەفسەری فەوجی دوو ملازم باهۆز لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە وەکو لەشکرێکی کوردستانین و بەرگری لە خاكی کوردستان دەکەین، بەشداری چەندین ئۆپەراسیۆنمان کردووە، وەک ئازادکردنەوەی شنگال و دەوروبەری بەنداوی مووسڵ و چیای زەرتک و ئامادەین لە هەرجێگایەک پێویست بێت بچینه ئهوێ".
ئەو ئەفسەرە ئاماژەی بە ژمارەی شەهید و بریندارەکانی لەشکری رۆژ کرد کە لەماوەی ئەو دوو رۆژەی ئۆپەراسیۆنەکەدا بوونەتە قوربانی و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە فەوجی دووی لەشکری رۆژین، لە هێڵی پێشەوەی بەرگرین و لە چەند رۆژی رابردوودا لە گوندی قەریەتاغ 3 شەهیدماندا و 10 برینداریشمان هەیە".
لەبارەی کاتی گەڕانەوەیان بۆ رۆژئاوا، ئەو ئەفسەرە گوتی: "لەشکری رۆژ لەشکرێکی کوردستانییە و هەر کاتێک پێویست بوو ئامادهین بچینه شارەکانی دیکەش و هەرکاتێکیش پێویستییان بە ئێمە نەما ئەوا دەگەڕێینەوە".
ئەفسەرێکی دیکە لەو هێزە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ماوەی پێنج ساڵە چەکی هەڵگرتووە و هیوای ئەوەشی خواست پێش هاوڕێکانی شەهید بێت و پێی وایە خاکی کوردستان لە خوێنی ئەوان پیرۆزترە.
ئەفسەر بە پلەی نەقیب حەسەن دەروێش لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەرەتا دروود دەنێرم بۆ گیانی شەهیدەکانمان، ماوەی 5 ساڵە لە لەشکری رۆژ بەرگری دەکەین و ئامادەین درێژە بە خەباتەکانمان بدەین و هیوادارم من پێش هاوڕێکانم شەهیدبم".
"لەشکری رۆژ" هێزێکی پێشمەرگەی کوردی سووریایە و سەر بە هێزی زێرەڤانین و رۆژی ٢١-٧-٢٠١٦ رێوڕەسمی دەرچوونی خولی ١١ بۆ ٣١٨ پێشمەرگەی ئەو هێزە، کە بە لەشکری رۆژ یان لەشکری رۆژئاوای کوردستان ناسراوە بەڕێوەچوو، تا ئێستا ژمارەی ئەو ھێزە دەگاتە ٥ ھەزار کەس.
سەر لەبەیانی رۆژی یەکشەممە ١٤-٨-٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی ھێزی پێشمەرگە دژی چەکدارانی داعش بە سەرپەرشتی فەرماندەی گشتیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان مەسعود بارزانی دەستپێکرد و لە ئەنجامدا توانییان 12 گوندی ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەنهوه و پێدەچێت گوندی شەنەف دواخاڵی سنووری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێت.