Abdullah Shukur
11 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند کە لە مانگی شوباتی داھاتوو لە وڵاتی پۆلۆنیا لووتکەی نێودەوڵەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی تاوتوێکردنی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت.
پۆمپیۆ لە میانی گەشتەکەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە شاری قاھیرە پایتەختی میسر و بۆ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی دوا.
پۆمپیۆ رایگەیاند کە لە ١٣-١٤ی مانگی شوباتی داھاتوو لووتکەیەک لەبارەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە بەشداری چەندین وڵات لە وڵاتی پۆلۆنیا بەڕێوەدەچێت. گوتیشی: "بە دەیان وڵات لەبارەی سەقامگیری و ئاشتی و ئازادی و ئاسایشی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی بۆ رێگری لە چالاکییەکانی ئێران لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە کۆدەبنەوە".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا کە لەوانەیە رژێمی ئەسەد رۆڵی ھەبێت لە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی داھاتوو.
پۆمپیۆ گوتیشی: "ھیوادارین ئێرانییەکان، رووسەکان، رژێم و ئەوانی دیکە قایل بکەین بە دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ بەمەبەستی چۆنییەتی چارەسەری سیاسی لە دوای شەڕی ناوخۆ. لە کۆتاییدا سوورییەکان بڕیار دەدەن کێ سووریا بەڕێوە دەبات".
پۆمپیۆ لەبارەی پرسی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال قاشقچی لە ناو کۆنسولخانەی سعوودیە لە شاری ئیستانبوڵ گوتی: "کوشتنی جەمال خاشقچی تاوانێکی قێزەونە و ھەگیز مایەی قبوڵکردن نییە. کار دەکەین بۆ ئاشکراکردنی ھەموو ئەو کەسانەی پەیوەندیان بەم تاوانەوە ھەیە. سزامان بەسەر چەندین کەسدا سەپاندووە. تا ئاشکراکردنی راستییەکان، بەردەوام دەبین لە هەنگاوەکانمان".