Ramal Mahmood
24 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2016
حەلەب
لەئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و سوپای رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون، دوای کۆتاییهێنان بەئاگربەستەکە لە ١٩ی ئەیلوولەوە تائێستا، ٣٢٣ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و هەزار و ٣٣٤ هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون.
دوای ئەوەی لە ١٢ی ئەیلوولدا بەسەرپەرشتیی ئەمریکا و رووسیا ئاگربەست لە سووریا راگەیەنرا، هەفتەیەک دواتر لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە کۆتایی بە ئاگربەستەکە هێنرا و هێرشە ئاسمانییەکان بەچڕیی بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی پارێزگای حەلەب لە باکووری سووریا بەردەوامە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە کاربەدەستانی تیمی بەرگریی شارستانیی و نەخۆشخانە گەڕۆکەکانی تەواوی پارێزگای حەلەبەوە بەدەستی گەیشتوون، لەئاکامی بۆردومانەکانی سوپای رووسیا و هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە ١٩ی ئەیلوولەوە تائێستا، ٣٢٣ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و هەزار و ٣٣٤ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.
هێرشەکان بەچڕیی کراونەتە سەر ناوچەکانی خۆرهەڵاتی شاری حەلەب کە لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندان و لەلایەن هێزەکانی رژێمەوە گەمارۆدراون، کە بریتین لە: گەڕەکەکانی بوستان ئەلقەسر، مەشهەد، کەللـەسە، فیردەوس، بەشتاکین، ئەنساری، کاترجی، باب ئەلنەیراب، ساڵحیان، مەعادی، تارق ئەلباب، ساحور، مەرجە، کەرەم حامود، شێخ هەدار، سوکەری، موئەسیر و مەسەکین حەنان و شارەدێی کەفر حەمرا.
هەورەها هێزەکانی رژێم و سوپای رووسیا، دوێنێ ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان لە شارۆچکەی باب کە لەژێردەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعشدایە کردە ئامانج.