Abdullah Shukur
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتی سعوودیە گوتی: "لە گۆشەیەکی ستراتیژی سەیری وڵاتی سعوودیە وەک وڵاتی دۆست و کۆن سەیر دەکەین. گرنگی زۆر بە سەقامگیری و ئاسایشی سعوودیە دەدەین. لەگەڵ شا سەلمان دەرفەتی ئەوەمان دەبێ کە بە وردی تاوتوێی بابەتەکانی ناوچەیی و دوو قۆڵی بکەین".
ئەردۆغان پێش سەردانەکەی بۆ بەحرێن لە فڕۆکەخانی ئەتاتورک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و رایگەیاند کە سەردانێکی فەرمی بۆ وڵاتانی بەحرێن و قەتەر و سعوودیە ئەنجام دەدات.
-سەردانەکەی بۆ سعوودیە
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە لەگەڵ شاندی یاوەری سەردانی سعوودیە دەکات و لە ١٤ی شوباتیش کۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ بەپرسانی ئەو وڵاتە لە شاری ریاز ئەنجام دەدات.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لە کۆتا دوو ساڵی رابڕدوو پەیوەندی باش و نزیکیان لەگەڵ سعوودیە بەستووە. راشیگەیاند کە لە بابەتەکانی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و رۆشنبیری و قەیرانی سووریا راوێژکاریان بە یەک کردووە.
ئەردۆغان راشیگەیاند کە سەردانی شا سەلمان لە مانگی نیسانی رابردوو بۆ تورکیا زۆر گرنگ بووە و ھاوکات کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی سعوودیە و تورکیا ھەبووە. ئاماژەی بەوەش دا کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە ٨ی شوبات بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەنجامدراوە.
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "دەمەوێت جارێکی دیکە ئاماژە بەوە بکەم، لە گۆشەیەکی ستراتیژی سەیری وڵاتی سعوودیە وەک وڵاتی دۆست و کۆن سەیر دەکەین. گرنگی زۆر بە سەقامگیری و ئاسایشی سعوودیە دەدەین. لەگەڵ شا سەلمان دەرفەتی ئەوەمان دەبێت کە بە وردی تاوتوێی بابەتەکانی ناوچەیی و دوو قۆڵی بکەین، ھاوکات دەرفەتی ئەوەشمان دەبێت ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕیارانە بکەین کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی نێوان ھەردوو وڵات دەرکراون. ھاوکات باس لە عێراق و وڵاتانی کەنداو ھەروەھا یەمەنیش دەکەین. پەیوەندییەکانی ئابووری و بازرگانی دەبێتە بابەتی سەرەکی سەردانەکەمان. پەیوەندییەکانی سەربازیی و پیشەسازی و ھەماھەنگی ئاسایش بابەتێکی دیکەی سەردانەکەمان دەبێت. بەم پێیەش لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی سعوودیە محەمەد بن نایف و جێگری دووەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری شازادە محەمەد بن سەلمان کۆدەبینەوە".