Muhammet Ali Kemal
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
ئیستانبوڵ- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ شانشینی بەحرێن لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەکرد کە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەک رووداو لە سووریا پێشهاتن کە دەتوانین بڵێین خاڵی وەرچەرخانە و رایگەیاند:
''لەهەوڵی تەواوداین بۆ بەرەوپێشبردنی قۆناغی چارەسەری سیاسیی و وەستاندنی ئەو خوێنەی دەڕژێت. بێ ئەوەی بهێڵین خوێنی شەهیدانی سووریا بەفیڕۆ بڕوات و لە چوارچێوەی دادپەروەریی، رەوایەتی و مافپەروەرییدا، لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ناوچەکەدا لە پەیوەندییداین. باوەڕم وایە کە پشت بەخوا ئەو راوێژەی وڵاتەکەمان لەگەڵ دۆستانیدا ئەنجامیدەدات لەوبارەیەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرەنجامی باشی لێدەکەوێتەوە''.
گوتیشی: ''ئامانج لێرەدا (لە سووریا) ئەوەیە، 4-5 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە تیرۆر پاکبکرێتەوە وەک ناوچەی ئارام. لە رێگەی ئەو ناوچە ئارامەشەوە کۆچ لە سووریاوە دەوەستێنرێت، شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت و ئەو کەسانەشی کە کەمپەکانی ئێمەدان دەگەڕێنرێنەوە وڵاتی خۆیان. بۆ ئەنجامدانی ئەمەش ئێمە نیازی ئەوەمان هەیە شاری نوێ لەو شوێنانە درووست بکەین. من ئەم بۆچوونەم لەگەڵ بەڕێز ترەمپیشدا باس کرد و لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانانیشدا لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەڵمانیا، ئەو بابەتەم باسکردووە''.
ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا ئەلباب لە چوارلاوە لەلایەن ئەوان و سوپای سووریای ئازادەوە گەمارۆ دراوە و گوتی: "هێزەکانمان لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد پێکەوە چوونەتە ناوەندەوە. گرنگترینیان ئەوەیە چوونەتە نەخۆشخانە. پێش چەند رۆژێک ئەوێ گیرابوو. ناوچەیەکی گرنگ بوو. بەچوونە ناوەوەش بۆ ناوەندی شارەکە، ئیتر قۆناغی چۆڵکردنی ئەلباب دەست پێدەکات لە شارەکە لەلایەن داعشەوە".
سەبارەت بەگشتپرسی لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیاشەوە، ئەردۆغان رایگەیاند ''١٦ی نیسان باشترین وەڵام دەبێت بۆ ١٥ی تەمووز. ئەوانەی دەڵێن 'نەخێر' وەک لایەنگری ئەوانەن کە ١٥ی تەمووزیان خوڵقاند. کەس ئەمە بەلارێدا نەبات''.