Mazın Asad
12 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2017
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لە ئێستادا چواردەوری ئەلباب ھەم لە لایەن خۆیان و ھەمیش لەلایەن سوپای سووریای ئازادەوە گەمارۆ دراوە و گوتیشی: "ھێزەکانمان لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد پێکەوە چوونەتە ناوەندی شارەکە. گرنگترینیان ئەوەیە چوونەتە نەخۆشخانە. پێش چەند رۆژێک ئەوێ گیرابوو. ناوچەیەکی گرنگ بوو. بەچوونە ناوەوەش بۆ ناوەندی شارەکە، ئیتر قۆناغی دەرکردنی داعس لە ئەلباب دەست پێدەکات. لە ئێستادا قۆناغی پلاندانان و جێبەجێکردنی پلانەکان لەوێدا بەڕێوە دەچێت".
ئەردۆغان بەرلە بەڕێکەوتنی بۆ شانشینی بەحرێن لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک، ھەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات، ئەردۆغان گوتی: "لە ئێستادا چواردەوری ئەلباب ھەم لە لایەن ئێمە و ھەمیش لە لایەن سوپای سووریای ئازادەوە گەمارۆ دراوە. ھێزەکانمان لەگەڵ سوپای سووریای ئازاد پێکەوە چوونەتە ناوەندی شارەکە. گرنگترینیان ئەوەیە چوونەتە نەخۆشخانە. پێش چەند رۆژێک ئەوێ گیرابوو. ناوچەیەکی گرنگ بوو. بەچوونە ناوەوەش بۆ ناوەندی شارەکە، ئیتر قۆناغی دەرکردنی داعش لە ئەلباب دەست پێ دەکات. لە ئێستادا قۆناغی پلاندانان و جێبەجێکردنی پلانەکان لەوێدا بەڕێوە دەچێت. بەپێی ئەو پلانانەی داڕێژراوە، گۆڕانکارییەکان لە ئێستادا درێژەی ھەیە".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانجی تورکیا لە سووریا روونە و گوتیشی: "ئامانجی ئێمە لێرە دەزانن. من ئامانجەکە دووبارە ئاشکرا دەکەم. ئێمە کار بۆ پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارامی خاڵی لە تیرۆر دەکەین. رووی رۆژھەڵاتی ئەم کارە جەرابلوسە و رووی رۆژئاوای ئەلراعی-یە. لە قۆناغی یەکەمی باشوور بۆ رۆژھەڵات، دابق ئازاد کرا. لە ئێستادا ئەلباب لە قۆناغی تەواوبووندایە. قۆناغی داھاتوو بەرەو رۆژھەڵات بۆ منبج و رەققە دەبێت".
ئەردۆغان ئاشکراشی کرد کە بۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا و CIA راگەیاندووە و راشیگەیاند لەمەودوا تەنانەت چاودێری بۆچوونەکانیش دەکەن.
ئەردۆغان گوتیشی: "ئامانج لێرەدا (لە سووریا) ئەوەیە، ٤-٥ ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە تیرۆر پاکبکرێتەوە وەک ناوچەی ئارام. لە رێگەی ئەو ناوچە ئارامەشەوە کۆچ لە سووریاوە دەوەستێنرێت، شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە دابین دەکرێت و ئەو کەسانەشی کە کەمپەکانی ئێمەدان دەگەڕێنرێنەوە وڵاتی خۆیان".
سەرکۆماری تورکیا روونیشی کردەوە کە ھەنگاوی دووەم لەو ناوچەیەدا پێکھێنانی ناوچەی دژەفڕینە و زیاتر گونیشی: "ئێوە ئێرە پێکدەھێنن، بەڵام ئەم ناوچە ئارامە پاککراوەیە لە تیرۆر ئەگەر وەک ناوچەی دژەفڕین رانەگەیەندرێت، ئەوا بێگومان ئەوێ ئارام نابێت. لەوبارەیەوە ھەڵوێستی خۆیان بە ئەمریکا و رووسیا راگەیاندووە کە بەھۆیەوە ھەروەک ئاسایش دەستەبەر دەکرێت، مرۆڤەکان بە سوپای میللی خۆیانەوە ھەست بە متمانە دەکەن. بێگومان گرنگترینیشیان پرسی مەشق و راھێنانە. ئەم مەشق و راھێنانە لە سەرەتاوە لە لایەن ئێمەوە بەڕێوەدەچێت. سوپای سووریای ئازاد لە چوارچێوەی مەشق و راھێنان پێگەیشتن. بێگومان ئەوان(سوپای سووریای ئازاد) کە خەڵکی ناوخۆیی ئەوێن و بە گیانیانەوە خەباتیان کردووە، سوودێکی زۆر زۆریان ھەبووە. شەھیدێکی زۆریان داوە، بەڵام نابێت نکۆڵی لە تواناکانیان بکرێت کە لەم بەرەنگارییەدا نیشانیان داوە".