Mazın Asad
21 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2016
یالۆڤا - AA
سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە رێوڕەسمی دوا هەنگاوی دروستكردنی پردی هەڵواسراوی پەڕینەوە لە كەنداوی ئیزمیت و كردنەوەی ئۆتۆبانی ئیستانبوڵ-بورسا-ئیزمیر و ئۆتۆبانی ئاڵتنئۆڤا-گەملیك گوتەیەكی پێشكەش كرد.
ئەردۆغان لە رێوڕەسمەكەدا ستایشی سەرۆكوەزیران، ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیران و كۆمپانیاكان، ئەندازایان و كرێكارانی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پرۆژەكە نۆ ملیار دۆلاری تێچووە، بەشی یەكەمی كە ئۆتۆبانی ئیستانبوڵ-ئیزمیرە دەكرێتەوە. راشیگەیاند ئەمساڵ بەشەكەی دیكە كە لە 20 كلیۆمەتری نێوان ئیزمیر-كەماڵپاشا پێكدێت دەكرێتەوە و تەواوی پرۆژەكەش لە 2018دا تەواو دەبێت.
سەركۆماری توركیا رایگەیاند ئەم پرۆژەیە كە تێچووی نۆ ملیار دۆلارە، یەكێك لەو پرۆژانەیە كە پێش پرۆژەكانی 2023ی توركیا تەواو دەبێت و روونیشی كردەوە بەهۆی ئۆتۆبانی ئاڵتنۆڤا-گەملیك ماوەی هاتۆچۆ لە 50 خولەكەوە بۆ 20 خولەك كەمدەبێتەوە و پردی هەڵواسراوی پەڕینەوە لە كەنداوی ئیزمیت كە لە كاتی قەرەباڵغی هاتوچۆدا سەعاتێك یاخود سەعات و نیوێك دەخایەنێت بۆ شەش خولەك كەمدەبێتەوە.
ئەردۆغان لە درێژەدا گوتیشی: "لەكاتێكدا ئێمە لەپێناو درووستكردن و بنیاتناندا خەبات دەكەین، كەسانێك هەوڵی رووخاندن دەدەن. دەبینن، ئەو ژوورەی ناوی ژووری ئەندازیارانی تەلارسازییە، دەزانن ئیش و كاریان چییە؟ كاتێك لە شوێنێك مۆنومێنتێك درووست دەكرێت، ئەوان بۆ وەستاندنی ئەمە دەستبەجێ پەنا دەبەنە بەر دادگا، ئیش و كاریان ئەمەیە. هەموو كاتێكیش كە پەنا دەبەنە بەر دادگا، بەدەستی بەتاڵ دەگەڕێنەوە. بەڵام خەمیان درووستكردن نییە، بەڵكو رووخاندنە. سەرنج بدەن، هەر پرۆژەیەكی ئێمە لەلایەن ژمارەیەك كەسەوە ئیدانە كراوە، بردوویانەتە دادگا و تەنانەت لەدادگاشەوە بڕیارگەلی رێگریكار دەرچووە. چونكە ئەمانە لەگەڵ (پێكهاتەی) هاوتەریبدا پێكەوە كاردەكەن، یان خۆیان بەتەواوەتی (پێكهاتەی) هاوتەریبن''.
سەركۆماری توركیا، پردی هەڵواسراوی پەڕینەوە لە كەنداوی ئیزمیت كە بەشێكە لە پرۆژەی ئۆتۆبانی ئیستانبوڵ-بورسە-ئیزمیر بە "پردی ئۆسمان گازی" ناونا.