Ramal Mahmood
15 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2016
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاند کە لە شەشی تشرینی یەکەمەوە تا ١٣ی تشرینی یەکەم، ٦٦ چەکداری پەکەکە کوژراون.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا لە راگەیەنراوی هەفتانەیدا زانیاری دا لە بارەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر چەکدارانی پەکەکە لەناوخۆی وڵات و ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە "لە شەشی تشرینی یەکەمەوە تا ١٣ی تشرینی یەکەم ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆسەر تیرۆریستانی پەکەکە تاکو رێگەبگیرێت لە خۆئامادەکردنیان بۆ وەرزی زستان ئەنجامدراوە. ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان و مامناوەند لە قەزاکانی یوکسەکۆڤا، شەمزینان، چوکورجا لە پارێزگای هەکاری. قەزای بەیتوشەباب لە پارێزگای شرنەخ. هەردوو قەزای دیجلە و هانی لە پارێزگای دیاربەکر، قەزای نسێبین لە پارێزگای ماردین. قەزای دیادین لە پارێزگای ئاگری و قەزای کاغزمان لە پارێزگای قەرس، ئەنجام دران".
لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکاندا، ٦٦ چەکداری پەکەکە کوژراون کە لەنێویاندا بەرپرسی قەزای گورۆیماک، مەهمەت نوری ئۆزەل کە ناوی لە لیستی سەوزی داواکراواندا هەبوو لە ئاکامی پێکدادانەکانی قەزای گورۆیماکی سەربە پارێزگای بەدلیس کوژرا و دەست بەسەر تەرمەکەیدا گیرا. هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و بڕێک تەقەمەنیدا گیرا.
دوای دەستنیشانکردنی پێنج ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و ماتۆڕسیکلێک کە پەکەکە ئامادەی کردبوون تاکو بەهێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی مەدەنیدا بیتەقێننەوە لەسەر رێگای شارۆچکەی دیجلەی سەربە پارێزگای دیاربەکر و شارۆچکەی نسێبینی سەربە پارێزگای ماردین پووچەڵکرانەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەی خراوەتە روو کە لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان و هێرشە ناپاکەکانی پەکەکە ١٢ سەرباز شەهید بوون. هەروەها سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە ئۆپەراسیۆنەکان بێوچان بۆسەر بنکە و بارەگا وەرزییەکان و چەکداران بەردەوام بوون لە پارێزگاکانی شرنەخ، هەکاری، وان و ئاگری و لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆری ئەو ئەشکەوت و پەناگەیانە خاپوور کران کە چەکدارانی پەکەکە بەکاریان دەهێنان.
راگەیەنراوەکە ئەوەی بەبیر هێناوەتەوە کە چەکدارانی پەکەکە بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنیەکان لەنزیک فەرماندەیی دوراک لە قەزای شەمزینان و لە ئاکامدا ١٧ سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەست دا و ٢٦ سەرباز و هاووڵاتیی مەدەنی دیکەش بریندار بوون.
دوای گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی چڕ لەسەر سنووری سووریا لە ناوچەی ئۆغوزەلی پارێزگای عەنتاب، شەش ئەندامی داعش کە خەڵکی سووریان گیران.
لەمیانی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا سوپای سووریای ئازاد بە پاڵپشتی سوپای تورکیا لە شەشی تشرینی یەکەمەوە تا ١٣ی تشرینی یەکەم، لەنێوان عەزاز-جەرابلوس ١٩ گەڕەک و رووبەری ١٣٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.
- پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی کیلس بۆ پێشگرتن لە هاتنی داعش لە سووریاوە بەردەوامە.
بەمەبەستی پێشگرتن لە خۆئامادەکردنی پەکەکە بۆ وەرزی زستان بێوچان لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبن لە پشکنینی رێگا و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن. سوپای تورکیا بەپێداگیرییەوە بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک فەتۆ/پەیەدە، داعش و لەسەرووی هەمووشیانەوە پەکەکە/پەیەدە.