Barış Seçkin,Ramal Abdullah Mahmood
04 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2018
رۆما – AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەن کە بەم دواییانە دەستی پێکردووە.
بەر لە سەردانە فەرمیەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا، هەڤیەڤینێکی تایبەتی لە La Stampa بڵاوکرایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "ئیدارەی هەرێمیی کوردی عێراق هۆشدارییەکانی تورکیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهەند وەرنەگرت و گشتپرسییەکی نایاسایی ئەنجام دا و بەو رێگایە گرنگی نەدا بە یەکپارچەیی خاکی عێراق. پێویستە لە دوای ئەوە، ئەم هەڵەیە راستبکرێتەوە. پێویستە حکوومەتی فیدرالی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی قەناعەت بە ئیدارەی هەرێمیی کوردی عێراق بهێنن جارێکی دیکە تەحەدای یەکپارچەیی خاکی عێراق نەکات و وەک بەشێک لە عێراق بمێنێتەوە. بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لە پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەین کە لەم دواییانە دەستیان پێکردووە".
سەرکۆمار ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی تەوەری سەرەکی سەردانەکەی بۆ ڤاتیکان رەوشی قودس دەبێت. بە بیریشی هێنایەوە کە دوای ئەوەی پاپا رایگەیاند بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی قودسەوە دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکانە لەگەڵی کۆبۆتەوە و گوتیشی: "دەمەوێت سوپاسی خۆی بکەم لەبارەی قودس لە کۆبوونەوەکەدا. پاپا فرانسیس بێ بەهەدەردانی کات پەیامێکی دروستی جیهانی کریستانی گەیاند، چونکە قودس تەنها پرسی موسڵمانان نییە. هەردوولامان داکۆکی لە ستاتۆی قودس دەکەین و خاوەن ئیدارەی پاراستنی ئەوێین".