Muhammet Ali Kemal
28 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم رایگەیاند: ''پێم وایە ئەمڕۆ یان سبەینێ، لەوانەیە چوارشەممە یان پێنج شەممە بەڕێز سەرکۆمارمان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بەڕێز پوتین ئەنجام بدات''.
یڵدرم لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەرەتە هابەردا وەڵامی پرسیارەکانی رۆژەڤی دایەوە.
بینالی یڵدرم سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا رایگەیاند: ''پێم وایە ئەمڕۆ یان سبەینێ، لەوانەیە چوارشەممە یان پێنج شەممە بەڕێز سەرکۆمارمان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بەڕێز پوتین ئەنجام بدات''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاشکرای کرد بەکردەیی پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەست پێ کردووە و ئەم پرۆسەیەش ئیرادەیەکی تاکلایەنانە نییە، ئاماژەی بەوەشکرد رووسیا وەڵامی ئەو هەڵوێستەی دایەوە کە تورکیا دەریبڕی و لە خاڵێکدا توانرا یەکبگرینەوە.
یڵدرم باسی لەوەکرد لەدوای ئەمەشەوە، ئەم قەیرانە کۆتایی پێ دەهێنرێت و پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەست پێ دەکات.
بینالی یڵدرم جەختی لەوە کردەوە کە دوای ئەمە پەیوەندییەکانی بواری ئابووری دەست پێ دەکەنەوە، چالاکییە گەشتیارییە دوولایەنەکان و وەبەرهێنان وەک پێشتر بەردەوام دەبێت. باسی لەوەشکرد هەموو ئەو رووداوانەی لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە لە مانگی تشرینی دووەمەوە روویان داوە وەک ئەوە تەماشا دەکرێن کە روویان نەدابێت و درێژە بە کارەکانمان دەدەین.
سەبارەت بە نامەکەی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرکۆماری رووسیا ڤلادیمیر پوتین، یڵدرم رایگەیاند:
''ناوەڕۆکی نامەکە زۆر روونە. ئێمە گوزارشتمان لە خەمی خۆمان کردووە. دەڵێین کە هاوبەشی خەمی ماڵباتی ئەو کەسانەین کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەست داوە. گوتووشمانە ئەگەر پێویست بکات ئەوە قەرەبووشیان دەکەینەوە. رامانگەیاندووە کە پێویستە چیتر لەمەودوا پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێنەوە. لایەنی بەرامبەریش ئەمەی بە گونجاو زانیوە و پەسەندی کردووە. ئەوەی کە لە سیاسەتدا دەبێت بەم جۆرە بێت یان بەو جۆرە بێت، بەلای ئێمەوە گرنگ نییە. بە هەرشێوەیەک پیشکەش بکرێت، کرۆکی رووداوەکە گرنگە، بابەتەکە ئەمەیە. ئەمە ئیرادەیەکی تاکلایەنە نییە، دوولایەنەیە. چوونە ناو وردەکارییەکانەوە و وردکردنەوەی ئەم بابەتە هیچ سوودێک بە وڵاتەکەی ئێمە و بە رووسیا ناگەیەنێت. من پێم وایە بابەتەکە چارەسەر کراوە و بۆ لەمەودواش دەڕوانینە داهاتوو و کاری زۆرمان لە پێشە ئەنجامی بدەین''.