14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە رۆژی شەممە دەچنە سەر کەشتی فاتیح و لە نزیکەوە کارەکانی دەبینن و بری یەدەگی نوێیش رادەگەیەنن''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پەرلەمانی تورکیا نوێنەرایەتی ویژدانی هاوبەشی تورکیا دەکات و گوتی: ''لەژێر ئەم چەترەدا شوێن، واتا و مافی دەربڕینی هەر بۆچوونێکی سیاسیی تیایدا هەیە بەو مەرجەی تێوەنەگلێت لە تیرۆر و بەپێی یاسا بێت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە کێشەی دامەزراوە پیشەییەکان کرد و رایگەیاند ''کێشەکانی دامەزراوە پیشەییەکان، بەتایبەتی یەکێتی پزیشکانی تورک گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیدی مایەی ئۆقرەگرتن نییە''.
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "لە کەیەکەوە هاودەستانی تیرۆر دەبنە سەرۆکی دەزگایەکی گرنگی وەک یەکێتی پزیشکان؟ ئەمە هەڵوێستێکی دیموکراسییانە نییە، بەڵکو ناوی دەستبەسەرداگرتنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە لەلایەن رێکخراوە تیرۆرستییەکانەوە".
هەروەها رایگەیاند: ''هەر دوای بوودجە دەبێت یەکێک لە ئیشەکانی پەرلەمانەکەمان ئەوە بێت. دەبێت دەستبەجێ ناوی تورک و تورکیا، ئەو ئیمتیازاتانە لەو دامەزراوە پیشەییانە وەرگرینەوە کە پێیان رەوا نییە''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر هەڵوێستی یۆنان و بەشە رۆمیەکەی قوبرس رایگەیاند ''لە گۆڕەپاندا بەردەوام دەبین لەسەر وەڵامدانەوەی رەوای یۆنان و بەشە رۆمیەکەی قوبرس کە پابەند نین بە بەڵێنەکانیان لەو کۆبوونەوانەی کە لە پلاتفۆڕمەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆدا بەڕێوەچوون''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها سەبارەت بە پشتیوانیکردن لە ئازەربایجان گوتی: ''ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پشتیوانیيەکین بۆ خوشک و برایانمان لە ئازەربایجان، هەر پشتیوانیان دەکەین. بۆچی قسە ناکەن لەسەر ئەو پشتیوانيیەی لایەنەکانی ناو سێقۆڵی مینسک دەیدەن؟ لە رووسیاوە، هەروەها لە فەڕەنساوە هێندە چەک دێت. بۆچی قسە لەسەر ئەوانە ناکەن؟''
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''ئەگەر لە جیهاندا مافی مرۆڤ هەبێت، ئەگەر دیموکراسی هەبێت و ئەگەر ئێوەش ٣٠ ساڵە لە سێقۆڵی مینسکدا ئەرکداربن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن چییە، خڵافاندن نییە، بەڵکو تەواوکردنی ئەو دانوستانانە و پێدانەوەی ئەو خاکەیە بە خاوەنەکەی''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''پێویستە ئەوە بزانرێت کە ناوچەی کاپالی ماراش سەربە کۆماری تورکی قوبرسی باکوور-ە''.