Harun Kutbe
05 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2023
ئەنقەرە – AA
جەودەت یڵماز کە لەلایەن فوئاد ئۆکتای'یەوە ئەرکی جێگری سەرکۆماری تورکیای پێ سپێردرا، رایگەیاند: "گرنگی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری دەدەین کە کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی هاووڵاتیانمان. لە کاتێکدا دەزانین ئەمە کاتی دەوێت، بەردەوام دەبین لەو سیاسەتەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشارەکانی هەڵاوسان لە سەر چین و توێژەکانی کۆمەڵ".
یڵماز لە میانی رێوڕەسمی رادەستکردنی ئەرکی جێگری سەرکۆماری تورکیا لەلایەن فوئاد ئۆکتای'یەوە بە ناوبراو لە کۆشکی کۆماری ئاماژەی بەوە دا کە مایەی شانازییە ئەو ئەرکە لە فوئاد ئۆکتای'یەوە وەردەگرێت و گوتی: "سەرەتا سوپاسی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم بەهۆی پێدانی پۆستی جێگری سەرکۆمار لە کابینەی سەدەی تورکیادا و پیرۆزبایی لە تەواوی وەزیران دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. هەروەها سوپاسی یەکەم جێگری سەرکۆماری سیستەمی حوکمڕانی سەرکۆماری، فوئاد ئۆکتای دەکەم بۆ ئەو ئەرکانەی لە میانی چەند ساڵی رابردوودا ئەنجامی داون".
جەودەت یڵماز سەرنجی خستە سەر ئەوەی گرنگی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسانی ئابووری دەدەن کە کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی تورکیا و گوتی: "لە کاتێکدا دەزانین ئەمە کاتی دەوێت، بەردەوام دەبین لەو سیاسەتەی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشارەکانی هەڵئاوسان لە سەر چین و توێژەکانی کۆمەڵ".