Sinan Uslu
19 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2016
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا سەبارەت بەو هێلیکۆپتەرەی لە شارۆچکەی چوکورجای پارێزگای هەکاری کەوتە خوارەوە، رایگەیاندووە: ''گەیشتووینەتە ئەو دەرەنجامەی کە لە کاتێکدا هێلیکۆپتەرەکان سەرگەرمی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بوون، یەکێکیان لە ئەنجامی بەکارهێنانی چەکێکی بەرگری ئاسمانی کە پێ دەچێت مووشەکێک بێت کە تا ئێستا جۆرەکەی نەتوانراوە دیاری بکرێت و ئەگەری هەیە لەسەر زەوییەوە لەلایەن چەکدارە تیرۆریستەکانەوە ئاراستە کرابێت، پێ کراوە و خراوەتە خوارەوە''.
لە روونکردنەوەیەکی نووسراودا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە رۆژی ١٣ی ئایار لەناوچەی چغڵی سەر بەشارۆچکەی چوکورجای هەکاری چەکدارانی پەکەکە هێرشێکیان کردووەتە سەر هێزی ئەمنی، لە بەرامبەردا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارەکان و کوشتنیان، دوو فڕۆکەی ئێف١٦ی سەر بە هێزی ئاسمانیی تورکیا کە لە ناوچەیەکی دیکە لە ئەرکدا بوون، گوازراونەتەوە بۆ ناوچەی پێکدادانەکە و دەستیان بە بۆردومانکردنی ئامانجە دیار و دیاریکراوەکان کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا باس لەوە کراوە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و یەکەکانی پشتیوانیی رەوانەی ناوچەکە کراون، لە ناوچەیەکی دیکەشەوە دوو هێلیکۆپتەری جەنگیی کە سەرگەرمی راپەڕاندنی ئەرکێکی دیکە بوون، بەمەبەستی پشتیوانیی لە هێزی ئەمنی رەوانەی ناوچەی تێکهەڵچوونەکە کران.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە لێکۆڵینەوە و وردبینی لەلایەن رێگەپێدراوە بڕواپێکراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بەردەوامە و هاتووە: ''لە هێرشەکەدا هەشت سەربازمان شەهید بوون کە دووانیان فڕۆکەوانن و ١٣ سەربازی دیکەمان بریندار بوون. لە بەرامبەردا ١٣ چەکداری تیرۆریست کوژراون و بنکەیەکی دانانی دۆشکە و چەکەکە لەناو براون''.