Abdullah Shukur
05 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2017
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، وەیسی کایناک گوتی: "ئەوەی لە ئیدلب روویدا چی جیاوازییەکی لەگەڵ رووداوەکانی ھەڵەبجە ھەیە؟. لە ئیدلب بۆمبەکە بەسەر عەرەبەکان ھاوێژراوە، لە ھەڵەبجەش بەسەر کوردەکان. چی جیاوازییەکی ھەیە؟ھەردووکیان مرۆڤن. لە ھەردوو دۆخەکە ئەوەی گیانی لەدەستداوە منداڵ و ئافرەت و خەڵکی بێتەوانن نەک سەرباز".
کایناک لە سەردانێکیدا بۆ دەزگای رۆشنبیری ئەرەنلاری شاری مەڕەش گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە خۆشحاڵە لەگەڵ چەند گرووپێکی جیاوازی ئانادۆڵو کۆبووەتەوە.
کایناک رایگەیاند پێکھاتەکانی عەلەوی، سونی، کورد و تورک لە تورکیا پێکهاتەی ئەم نیشتمانەن و ھیچ جیاوازییەکیش لە مافەکانیاندا نییە.
کایناک گوتیشی: "دوینێ گشت جیھان شایەتی رووداوێکی دڵتەزێن بوون. سەرۆکی سووریا، دیکتاتۆری ستەمکاری سووریا، بۆمبی قەدەغەکراوی دژبە خەڵکی شاری ئیدلب بەکارهێنا. ئەسەد کەسێکی نوسەیرییە، لە عێراقیش سەدام حوسێن سونی بوو، لە ھەڵەبجە ھەمان شتی کرد. چی جیاوازییەکی ھەیە؟ ئەگەر سەدامی سونی وایکردووە دەبێت پێمان خۆش بێت و ئەسەدیش کە نوسەیرییە وھەمان شتی کردووە، پێمان ناخۆش بێت؟ یان بە پێچەوانەوە. ھەردووکیان بە چەکی کیمیایی کۆکوژیان لە دژی منداڵان ئەنجام دا. ئەوەی لە ئیدلب روویدا چی جیاوازییەکی لەگەڵ رووداوەکانی ھەڵەبجە ھەیە؟. لە ئیدلب بۆمبەکە بەسەر عەرەبەکان ھاوێژراوە، لە ھەڵەبجەش بەسەر کوردەکان. چی جیاوازییەکی ھەیە؟ھەردووکیان مرۆڤن. لە ھەردوو دۆخەکە ئەوەی گیانی لەدەستداوە منداڵ و ئافرەت و خەڵکی بێتەوانن نەک سەرباز".