Rewa Mahmut Hasan
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 20 تشرینی یەکەم 2015
دیاربەکر
لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بینای نوێی تەرمیناڵی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دیاربەكر كۆتایی دێت و بەمەش دەتوانرێت رۆژانە ژمارەیەكی زۆری گەشتیار بەرێبكات.
پرۆژەكە لەماوەی دوو ساڵدا تەواو كراوە و بڕی ٣٠٠ ملیۆن لیرەی توركی (100 ملیۆن دۆلاری ئەمریكی) تێچووە.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئاسمانی توركیا سەردار یڵدرم سەردانی تەرمیناڵە تازەكەی كرد و پرۆەكەی بەسەر كردەوە.
دوای بەسەركردنەوەكە، یڵدرم لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا كە بینای تەرمیناڵە كۆنەكەی دیاربەكر وەك پێویست نەبووە و نەیتوانیوە گەشتەكانی بۆ دەرەوەی وڵات بكات تەنیا لەكاتی حەجدا نەبێت، بەڵام بە تەواوبوونی بینا نوێیەكە گەشتەكانی دەرەوەی وڵات دەست پێدەكات و راشیگەیاند كە فڕۆكەخانەكەی ئێستا ساڵانە یەك ملیۆن و ٨٠٠ هەزار گەشتیار بەرێ دەكات، بەڵام بە كردنەوەی بینا تازەكە دەتوانرێت پێنج ملیۆن گەشتیار بەرێبكات.
ناوبراو ئەم پرۆژەیەی بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسف كرد بۆ خزمەتكردنی كەرتی گەشتیاری لە دیاربەكر كە لە ئێستادا دیواری قەڵاكەی چووەتە لیستی شوێنەوارەكانی یونسكۆوە و رایگەیاند كە لە ئێستادا لە سەدا ٩٩ی پرۆژەكە تەواو بووە و هەندێك كاری خاوێنكردنەوەی ماوە و ئامادەدەبێت بۆ بەكارهێنان.