Hamit Hüseyin
19 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 21 تشرینی یەکەم 2015
ھەولێر
لە تارانی پایتەختی ئێران، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، لەلایەن عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە پێشوازی لێ كرا.
شەمخانی لە میانی پێشوازیكردنی لە نێچیرڤان بارزانی، جەختی لەوە كردەوە كە پاڵپشتی و هاوكاریەكانی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت بە تایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا. ئاماژەی بەوەش دا كە پەیوەندییەكی قووڵ و دێرین لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا هەیە بۆیە هیچ كاتێك ناخوازن ناكۆكی و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان هەبێت و ئەوان سەقامگیری هەرێم بە سەقامگیری ئێرانی دەزانن بۆیە پێویستە یەكڕێزی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بپارێزرێت و كێشەكان لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكرێن و ئەولەویەتی كارەكان رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و گرفتەكانی دارایی بێت.
شەمخانی دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە سەیری رووداوەكانی ناوچەكە دەكات و هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت رۆڵێكی بەرچاوی بۆ سەقامگیری ناوچەكە هەبێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق چارەسەری گرفتەكان بكات.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی باسی لەو هاوكاریانە كرد كە لە كاتە سەختەكاندا ئێران پێشكەش بە گەلی كوردستانی كردوون و هەڵوێستی تارانی بۆ پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەرز نرخاند.
نێچیرڤان بارزانی كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی مەیدانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش خستە روو و ئاماژەی بەوە دا كە هەرچەندە پارسەنگی هێز لە بەرەكانی جەنگدا بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە شكاوەتەوە و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆر بەردەوامە، بەڵام هێشتا مەترسی تیرۆر بەردەوامە و هیوای خواست هاوكارییەكانی ئێران و وڵاتانی دیكە بۆ بنەبڕكردنی ئەو مەترسییە بەردەوام بێت.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند كە گرینگییەكی زۆر بە پەیوەندی نێوان هەردوو گەلی ئێران و هەرێمی كوردستان دەدەن و جەختی كردەوە كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەهێزتركردنی ئەو پەیوەندییانە لە هەموو بوارەكاندا.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە كۆمەڵێك گرفت لەنێوان هەردوولادا هەیە و پێویستیان بە چارەسەرە و بۆ ئەم مەبەستەش لە سەردانی داهاتوویاندا بۆ بەغدا، هەوڵ دەدەن بەشێك لەو گرفتانە چارەسەر بكەن بە شێوەیەك كە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی عێراقدا بێت.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی دارایی قورسدا تێپەڕ دەبێت و لە ساڵی دووهەزار و چواردەوە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بڕدراوە و ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ترسی تیرۆر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمەش بارەی هەرێمی یەكجار قورستر كردووە، ئەمەش لە لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەخوازێت یەكڕیزی و ئارامی هەرێمی كوردستان بپارێزرێن و لە ریگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكەن و رووداوەكانی ئەم دواییەی هەرێمی كوردستانیشی بە نەخوازراو زانی و بوونە هۆكار حكوومەت هەندێك هەنگاو بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بنێت.
دوای ئەو دیدارەش شاندی هەرێمی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆنفرانسی جیهانی میونیخ سەردانی ئێرانی كردبوو، بەرەو هەرێمی كوردستان گەڕایەوە.