Hüseyin Yıldız
12 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2020
ئیدر - AA
نیشتنەوەی ژمارەیەک باڵندەی کۆچەری جۆری فلامینگۆی گەورە لە پارکی میللی چیای ئاگری، دیمەنێکی جوان و رەنگاورەنگی سرووشتی بە ناوچەکە بەخشیوە.
شاری ئیدری تورکیا کە کەوتووەتە نێوان سنوورەکانی ئێران و ئەرمینیا، بەھۆی بوونی ژینگەیەکی لەبار و چەندین جۆری رووەکی سرووشتی بووەتە جێگەیەکی ناوازە بۆ میوانداریکردنی ژمارەیەک باڵندەی جیاواز لە ناوچەکەدا.
ھاوکات تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە پارکی میللی چیای ئاگری کە نزیکەی ٣٠٣ جۆر باڵندەی تێدا دەژی و بووەتە شوێنێکی دڵگیر بۆ باڵندە کۆچەرەکانیش، توانیی دیمەنی باڵندەی فلامینگۆی گەورە لە نێو شوێنە ئاوییەکانی ئەو پارکە تۆمار بکات.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناوەندی باڵندە لە زانکۆی ئیدر، دکتۆر ئێمرا چەلیک رایگەیاند کە تۆمارکردنی دیمەنی ئەو جۆرە باڵندەیە لە رووی زانستی باڵندەناسییەوە زۆر گرنگە.

چەلیک ئاماژەی بەوەشکرد کە تۆمارکردنی دیمەنی ئەو جۆرە باڵندەیە کە بە فلامینگۆی گەورە ناسراوە لە شاری ئیدر ھەنگاوێکی گرنگە و گوتیشی: "بە شێوەیەکی سرووشتی ئەو شوێنانەی کە ئەو جۆرە باڵندەیەی تێدا دەبینرێ دیاریکراون. لێرەدا بۆ یەکەمجار ئەم جۆرە باڵندەیە بینراوە".
چەلیک ئاماژەی بەوەشکرد کە لەو شوێنەی باڵندەی فلامینگۆی گەورەی تێدا بینراوە، لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێدەکەن.