ئەنقەرە
هەردوو وەکیلی سەرۆكی فراكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا پەروین بوڵدان و ئیدریس باڵوكەن و پەرلەمانتاری هەدەپە سڕی سورەیا ئەندەر لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بەشیر ئەتەڵای و وەزیری داد بەكر بۆزداغ و وەزیری ناوخۆ ئەفكان ئاڵا لە تەلاری سەرۆكایەتی وەزیران كۆبوونەوە و پڕۆسەی چارەسەریان تاوتوێ كرد.
دوای كۆبوونەوەكە پەرلەمانتاری هەدەپە سڕی سورەیا ئۆندەر، بەر لەوەی وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان بداتەوە ئاماژەی بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە کرد و گوتی: "ئەتەڵای و بۆزداغ و ئاڵا هەڵسەنگاندنێكی بەرفراوانیان بۆ بیر و بۆچوون و دانوستانەکان لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرەوە كرد."
ئۆندەر ئاماژەی بەوەدا، پڕۆسەكە زۆر گرنگە و پێویستە بپارێزرێ و ببێ بە هەمیشەیی و گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا، بیر و بۆچوونەكانی بەڕێز ئۆجەلان و بەرپرسانی كەجەكە و هەروەها داواكارییەكانی خەڵك و لایەنە سیاسییەكانی دیكەمان خستە روو، لە بەرامبەردا هەڵسەنگاندنەكانی حكومەتمان لەو بارەیەوە وەرگرت."
ئۆندەر روونیشی كردەوە، كۆبوونەوەكانی شاندە سیاسییەكان لەگەڵ حكومەت بەردەوامی دەبێ.
لە بارەی ئەوەی كەی سەردانی ئێمراڵی دەكەنەوە، ئۆندەر گوتی: "رۆژێك دیاریكراوە" بەڵام ئاماژەی بە رێككەوت و رۆژەكە نەكرد، هاوکات هیوای خواست حەفتەی داهاتوو سەردانی ئێمراڵی بكەن.
لە وەڵامی پرسیاری ئایە ئەو نامەیەی لە قەندیلەوە هاتبوو پێشكەش كرا؟ ئۆندەر گوتی: "پێشتر ئەو نامەیەمان بە وەزیری داد دابوو."
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی لە سەرەتاوە داوای ئێوە بووە پڕۆسەی چارەسەر بخرێتە سەر بنەمایەكی یاسایی، ئایە باسی ئەماتان كرد؟ ئەگەر كراوە وەڵامەكەی چی بوو؟ ئۆندەر گوتی: "بەڵێ ئەو داواكارییەمان پێشكەش بە شاندی حكومەت کرد و ئەوانیش لای خۆیانەوە كاری لەسەر دەكەن."