هەولێر
ئەندامی لیژنەی ناوەندی بزووتنەوەی چاكسازی توركمان عیماد یەشار لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكدا روونكردنەوەی بڕیاری سڕكردنی سەرۆكی بزووتنەوەكەی ئاشكرا كرد.
بەپێی روونكردنەوەكە، 20ی ئایار لیژنەی ناوەندی بزووتنەوەی چاكسازی توركمان لە كۆبوونەوەیەكدا، بڕیاری سڕكردنی سەرۆكی بزووتنەوەكە عەبدولقادر ئەكرەم جەمیل بازرگانی داوە.
لە بەشێكی روونكردنەوەكەدا هاتووە، ماوەی دوو ساڵە سەرۆكی بزووتنەوەی چاكسازی توركمان بێ ئەوەی بۆ هیچ پرسێك بۆ مەكتەبی سیاسی و لیژنەی ناوەندی بڕیار بگەڕێتەوە، هەوڵی تاكڕەوی داوە و لە هەموو هەڵسوكەوتەكانیشیدا سەرپێچی مادەكانی پەیڕەوی ناوخۆی كردووە و بە پێچەوانەی سیاسەت و ئاڕاستەكانی بزووتنەوەكە كاریكردووە.
هەر لەو روونكردنەوەیەدا هاتووە، جەمیل بازرگان كاری بۆ بەرژوەندی خۆی و تێكدانی ریزەكانی بزووتنەوەكە كردووە، بۆیە لیژنەی ناوەندی بزووتنەوەی چاكسازی توركمان بڕیاری سڕكردنی سەرۆكی بزووتنەوەكەیدا.
سەبارەت بە وادەی بەستنی كۆنگرەی بزووتنەوەی چاكسازی بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆكێكی نوێ، یەشار گوتی: "بڕیاری بەستنی كۆنگرەی بزووتنەوەكەمان داوە و بەم زووانەش ئەنجام دەدەرێ و سەرۆكێكی نوێ بۆ بزووتنەوەكە دیاری دەكرێ، بەڵام ناوبراو ئاماژەی بەوە نەدا، چ كات و ساتێک كۆنگرەكە دەبەسترێ".